پێشمەرگەیەکی ناساخ: دەنگم داوە و داواکارم ھەموو ﻻیەک بەشداریی پرۆسەکە بکەن

ھەولێر -KDP.info- پێشمەرگەیەکی ناساخ دەڵێ، سەرەڕای خراپیی باری تەندروستیم، بەڵام بەشداریی پرۆسەی دەنگدانم کردووە و داواکارم ھەموو ﻻیەک بەشداریی پرۆسەی دەنگدان بکەن، چونکە دەنگدان ئاییندەی وڵاتەکەمان دیاری دەکات.
ڕێباز ڕەفعەت، پێشمەرگەی سەر بە هێزەکانی ئیسنادی وەزارەتی پێشمەرگە، سەرەڕای ئەوەی باری تەندروستیی ناجێگیر بوو و پەکی کەوتبوو، بەڵام بەشداریی لە پڕۆسەی دەنگدانی تایبەتدا کردووە و بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەرەڕای خراپیی باری تەندروستیم، بەڵام ھاتووم ویژدانی خۆم ئاسوودە بکەم و بە دەنگدانم ئاسوودەیی بۆ وڵاتەکەم بێنمە دی. ئاخر دەنگدان پرۆسەیەکی دیموکراسییە و ئاییندەی وڵاتەکەمی پێوە بەندە."
ئەو پێشمەرگەیە ئاماژەی بەوەش کرد: "پرۆسەکە بە شێوەیێکی دروست بەڕێوە دەچێت و زۆر بە ئاشتییانە ھەموو ﻻیەک پێکەوە دەنگ دەدەین. داواکارم ھەموو ئەوانەی دەتوانن دەنگ بدەن بەشداریی پرۆسەکە بکەن."
ئەمڕۆ کاتژمێر ھەشتی بەیانی پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەستی پێ کرد.
سەرباز واحد




