وێنەیی؛ دەنگدانی تایبەت لە مێرگەسۆر

هەولێر-KDP.info- سەر لەبەیانی ئەمڕۆ لە سنووری مێرگەسۆر هەر وەكو شار و شارۆچكەكانی دیكەی كوردستان پرۆسەی دەنگدانی تایبەت دەستی پێ كردووە و تا ئێستاش بەردەوامە، هێزەكانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانیش دەڵێن، پرۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و هیچ كێشەیەك نییە و بە ئازادانە دەنگی خۆمان دەدەین.
نەقیب كەمال ڕهەم، كە لە مێرگەسۆر دەنگی داوە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "زۆر بە ئازادانە دەنگی خۆم دا، دەنگم بەو لیستە دا كە بەرگری لە كوردستان دەكات و كار دەكات بۆ باشتركردنی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان."

موخلیس عیماد، فەرماندەی پێشمەرگە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "پێشمەرگە هەموو كاتێك لە ڕێزی پێشەوە بووە، تا ئەمڕۆ بە خوێن بەرگریی لە كوردستان كردووە، ئەمڕۆ بە دەنگدان دەنگ بەو لیستە دەدات كە كەڕامەتی گەلی كوردستان دەپارێزێت، ئێستا كە دەنگم داوە و بە ئازادانە دەنگم داوە و هیچ كێشەیەك نەبووە و پرۆسەكە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت."

سەهەند كەریم، پێشمەرگەیەكی دیكەیە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "دوای زیاتر لە نیو كاتژمێر مانەوە لە سڕە، توانیم خۆ بگەیەنمە سندووقەكانی دەنگدان و بە شێوەیەكی ئازادانە دەنگ بەو لیست و كاندیدە بدەم كە دەمویست دەنگی پێ بدەم".

كارمەندێكی كۆمیسیۆن بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پرۆسەكە لە مێرگەسۆر تا ئێستا زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت و هیچ كێشەیەك نییە، ئەو خەڵكەی لە سڕە ڕاوەستاوە، لە ماوەی كەمتر لە 20 خولەكدا دەتوانێت دەنگ بدات و بگەڕێتەوە، بەوەش هەموو پێشمەرگەیەك دەتوانێت دەنگ بدات بێ ئەوەی هیچ كێشەیەك بێتە پێشەوە".
ڕابین شێروانی




