نێچیرڤان بارزانی: ئـێمە وەک خەڵکی دیكه دەسکردی دۆخ و دهرفهتى کتوپڕ نین.. پارتی ناسنامەی ژان و ژیانی میللەتێکی تێکۆشەر و قارهمانه

لە دوایین ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧/٩/٢٠١٨، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، کەرنەڤاڵێکی گەورەی جەماوەری بۆ ئەندامان و لایەنگران و دۆستانی پارتی لە پارکی شانەدەری شاری هەولێر ساز کرا.
لە كهرنهڤالهكهدا جێگری سەرۆکی پارتی وتارێکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد و تیایدا سوپاسی پشتیوانی و بەدەنگەوەهاتنی سەرجەم دانیشتووانی شار و گوندەکانی کوردستانی کرد بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن و ئەو پشتیوانییەی بە دەستەبەری دەسکەوتەکان و سەرکەوتن لە مێژووی نوێی کوردستان ناوزەد کرد و هیوای خواست لەپێناو پووچەڵکردنەوەی خەیاڵی ناحەزان، لە ڕۆژی دەنگدان بە گوڕ و تینەوە بەشداریی پرۆسەکە بکەن و ئاهەنگی سەرکەوتن بگێڕن. دووپاتیشی کردەوە کە هەتا خەڵکی بە ورەی کوردستان هەبێ، پارتی دەمێنێت و ناکەوێت.
نێچیرڤان بارزانی، پارتیی بە حزبێک پێناسە کرد کە هەڵگری ناسنامەی ژان و ژیانی میللەتێکی تێکۆشەری نەوەستاوە، بە پێچەوانەی ئەو حزبانەی کە دەسکردی دۆخ و دهرفهتى کتوپڕن. هەروەها پارتیی بە خوێنی دەماری تاک بە تاکی گەلەکەی چواند کە وەستانی نییە. وێڕای ئاماژەش بە پشتیوانیی جەماوەری لە پارتی لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئـایاری ڕابردوو، دڵنیا بوو لەوەی کە لە ڕۆژی (٣٠)ی ئەیلوولیشدا، دیسانەوە دەبنەوە بە پاڵپشتی حزبەکەیان و دەنگ بە لیستی ژمارە (١٨٣)ى پارتى دەدەن. هەروەها ئەوەی خستەڕوو کە جەماوەری کوردستان پشت و پەنای هەمیشەیی حزبەکەیانن و پارێزەریی کوردستان و گەلەکەی بە پێناسەی پارتی دیموکراتی کوردستان وەسف کرد کە بە خەباتی بێوچان و بە خوێنی شەھیدە نەمرەکانی پێگەیشتووە، بۆیە دڵنیا بوو کە دەنگدان بە لیستی (١٨٣)، دەنگدانە بە خەڵک و کوردستان و ناوی شەھیدەکان.
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئاشكرای كرد كه زۆربەی شەهید و بریندارانی سەنگەری قارەمانێتیی کوردستانی پێشمەرگەی پارتی بوون، یان باوک و باپیرانیان لە ڕێزی ئەم حزبەدا خەباتیان کردووە. هەروەها قوتابخانەی پارتیی بە سەرچاوەی پێگەیشتنی زۆربەی مامۆستایان و پزیشک و ئەندازیاران و نووسەر و ڕۆشنبیرانی کوردستان زانی و ئەو ڕاستییەی خستەڕوو کە حزبەکەی بۆ کوردستان و عێراقیش خاوەنی خەباتی ڕەسەنی نیشتمانییە و ناحەزانی پارتی لە گۆڕەپانی سیاسیدا دواکەوتوون، هەربۆیە، دەنگدان بە لیستی پارتی دیموکراتی کوردستانی بە دەنگدان بە متمانە و بڕوابەخۆبوون و دیموکراسییەوە گرێدا.
سەبارەت بە کاری سیاسیی ئازادانەی حزب و لایەنەکان لە کوردستان، لەگەڵ ئەوەی دژی پاوانکردنی گۆڕەپانی کاری سیاسی بۆ خۆیان بوو، هاوکات خوازیار بوو کە کەسانی دیكهش گۆڕەپانی سیاسییان لێ پاوان نەکەن و مێژووی سیاسیی خۆیان بە دژایەتیی پارتی پڕنەکەنەوە. چونکە ئەو لایەنانە بە دژایەتیکردنی پارتی لە ئێستا و داهاتوودا تەنیا شەرمەزارییان بۆ دەمێنێتەوە و هاوشێوەی چەندین کەسی گەورە، ناچار دەبن پەشیمان ببنەوە و داوای لێبوردن لە پارتی بکەن. لەو سۆنگەیەوە داوای لە دەنگدەرانی کوردستان کرد دەنگ و متمانە بە پارتی بدەنەوە، چونکە پارتی وەک مارکەی تێکۆشانی سیاسییه لە ناوچەکە، لە ڕابردووی خۆی پەشیمان نییە و دەنگدەری پارتیش بە داھاتووی خۆی سەربەرز دەبێت.
دەقی وتاری نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرنەڤاڵی بەرفراوانی جەماوەری لە پارکی شانەدەری شاری هەولێر بۆ سەرخستنی لیستی (١٨٣):
ئامادهبووانى خۆشەویست،
ئـێوارەتان باش و ھەموولایەکتان بەخێر بێن بۆ ئـەم کۆبوونەوەیە لەم دوا ساتەدا.
ئـەم ئێوارهیه لە ناخی دڵەوە ھەست بە شادی دەکەم کەوا جارێکی دیكه پێتان دەگەمەوە بۆ ئـەوەی لە دوا ئـێوارەی بانگەشەی ھەڵبژاردندا قسەیەک بکەین و دوای ئـەوە ئـاھەنگى ئارامى له كوردستان بگێڕین.
سەرەتا، دەمەوێ سوپاسی جەماوەری کوردستان لە ھەموو شار و شارۆچکە و دێھاتەکان بکەم بۆ پشتیوانی و بەدەنگەوە ھاتنیان لەم ڕووداوە سیاسی و مێژوویییەدا، کە دەمێکە ھەر ئـەم پشتیوانییەی ئـەوان، بووەتە دەستەبەری ھەموو دەسکەوت و سەرکەوتنێک لە مێژووی نوێی کوردستاندا.
ھیوادارین ھەر ئـەم جەماوەرە خۆشەویستە بە ھەمان گوڕ و تین، دوای دوو ڕۆژی دیكه، بنکەکانی دەنگدان پڕبکاتەوە لە دەنگ و لە ئـاھەنگ و زەماوەندی خۆشی، بۆ ئـەوەی ناحەزانی کوردستان وا خەیاڵ نەکەن کە ھیچ سەرکەوتنێکیان لە ئـاست ئـێمەدا بەدی ھێنابێ و با دڵیان خۆش نەبێ.
ورەی ئـێوە و ورەی ئـێمە، وەک کێوەکانی قەندیل و گارە و ھەڵگورد، وهك زۆزک و ھەندرێن و شاھۆ و مەتین، چەند سەربەرز و پتەوە، سەت ھێندەش بە ناخی خاکی کوردستاندا چووەتە خوارەوە. دڵنیا بن تا ئـێوە ھەبن، ئـێمە ھەین و نادۆڕێین و ناكهوین.
خۆشهویستان،
ئـێوە لە ھەڵبژاردنەکانی مانگی ئـایاری ڕابردوودا، جارێکی دیكه پشتیوانیی خۆتان بۆ حزبە پێشڕەوەکەی خۆتان پێشان دایەوە. دوای دوو ڕۆژی دیكه ئـێمە دڵنیاین کەوا ئـێوە لەوەش زیاتر دەبنەوە بە خاوەن و بە پاڵپشتی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەنگ بە لیستی ژمارە (١٨٣)ى پارتى دەدەن.
بهڕێزان و خۆشهویستان،
بە تاقیکردنەوە دەرکەوتووە کەوا ئـێوە و پارتی، دوو ڕووی یەک دراون. ھیچ یەکێک لەم دووانە بێ ئـەوی دیكهیان نابێت. ئـێوە پشت و پەنای پارتین، لەبەرئـەوەی ھەزاران لاپەڕەی مێژوو دەریخستووە، کەوا پارتی یەک پێناسەی ھەیە، ئـەویش پارێزەری کوردستان و گەلە قارەمانەکەی بووە. بۆیە ئـێوەش کە دەنگ دەدەن بە لیستی (١٨٣)، دڵنیان لەوەی دەنگتان داوە بە خۆتان و بە کوردستان و بە ناوی شەھیدەکانتان.
خۆتان دەزانن کەوا ئـێمەی پارتی تەنیا بە خەباتی بێوچانی خۆمان و بە خوێنی شەھیدە نەمرەکانمان پێگەیشتین. ئـێمە کەسمان لە پشت نەبووە لە ئـێوە زیاتر. ئێوه جهماوهرى دڵسۆزى كوردستان، ههمیشه هێز و پشت و پهناى پارتى دیموكراتی كوردستان بوون له ههموو خهباتیدا.
ڕوون و ئاشكراشه کە ههرچهند ناحهزان بیانهوێ پارتی ببهزێنن، لهبهر یهك هۆكار پارتییان پێ نابهزێنرێ، لەبەرئـەوەی بە کورتی، ئـێمە حزبێک نین وەکو خەڵکی دیكه دەسکردی دۆخ و دهرفهتى کتوپڕ بین. ئـێمە پارتی ناسنامەی ژان و ژیانی میللەتێکی تێکۆشەر و قارهمانه. ئـێمە ھەر وەک داری بەڕوو لە قەدپاڵی سەختی چیای کوردستاندا بەرەو بەرزی ڕواوین. پارتی ئـەو خوێنەیە کە لە دەماری یەکە یەکەی تاکی ئـەم گەلەدا دێت و دەچێ و ناوەستێ. لەبەرئـەوە ئـێمە دڵنیاین کە دەنگی ئـێوە تەنیا بۆ لیستی (١٨٣) دەبێ.
ئـێوە خۆتان باش دەزانن کە ئـەو پێشمەرگه قارهمانانەی لە بەرەکانی شەڕدا شههید و بریندار بوون، زۆربەیان پێشمهرگهى پارتی بوون. پارتیش نەبوو بن، باوک و باپیریان لە بنەماڵەی ڕەسەنی پارتیدا ھەڵکەوتبوون.
زۆربهى ئـەو مامۆستایانەی دەرس بە منداڵەکانتان دەڵێنەوە، یان ئـەو ئـەندازیارانەی وڵاتمان بۆ بنیات دەنێن، یان ئـەو دکتۆرانەی نەخۆشیمان چارەسەر دەکەن، ھەروەھا ئـەو نووسەرانەی کتێبمان بۆ دەنووسن، زۆربەی ھەرە زۆریان لە قوتابخانەی پارتیدا فێربوون و پێگەیشتن.
پارتی دیموکراتی کوردستان، دایکە ڕەسەنەکەی خەباتی نیشتمانییە لەم وڵاتەدا. ئـەمە حەقیقەتێکە نەک ھەر بۆ کوردستان، بەڵکو بۆ عێراقیش. نە ئـێوە بێ پارتی دەبن و نە پارتییش دەتوانێ بێ ئـێوە چرکەیەک بەردەوام بێت، لەبەرئـەوەیە کە ئـێمە دەڵێین بڕۆن دەنگ بە لیستی ژمارە (١٨٣) بدەن کە لیستی متمانە و بڕوابەخۆیی و تێکۆشانی ڕێگەی دیموکراسییە لهم وڵاتهدا.
خۆتان دەبینن ئـەوانەی کە لە ڕابردوودا ناحەزی پارتی بوون، ئـەمڕۆ لە گۆڕەپانی سیاسیدا چۆن دواکەوتوون؟
ئـێمە نامانەوێ ھیچ ڕۆژێک لە ڕۆژان گۆڕەپانی کاری سیاسی بۆ خۆمان پاوان بکەین. تەنیا ئـەوەمان دەوێ کەسی دیكهش گۆڕەپان لە ئـێمە پاوان نەکات و مێژووی سیاسیی خۆی بە دژایەتیی ئـێمە پڕنەکاتەوە.
ئـەگەر لایەنێک بیەوێ خەبات بکات، یان بەرنامەیەکی بۆ خۆی ھەبێت، بێگومان کەس ڕێگەی لێ ناگرێت. ھەرێمی کوردستان ھەوارگەی ئـازادی و نەریتی سیاسییە، بەڵام ئـەگەر بێتو لایەنێک ھەموو کات و ھەموو کاری خۆی بۆ دژایەتیی ئـێمە تەرخان بکات، ئـەوا دڵنیا بێت کە زۆر نابات شەرمەزاری ئـێستا و داھاتوو دەبێت. با ئـەوانە بیریان بێتەوە کەوا كهسى زۆر گەورە ھەبوون لەم بوارەدا، دواجار پەشیمان بوونەوە و ھاتنەوە و داوای لێبووردنیشیان کرد.
لەبەر تیشکی ئـەو مێژووەدا، من ئـەمڕۆ لەم کۆبوونەوەیەدا داواتان لێدەکەم دەنگ و متمانە ھەر بدەنەوە بە پارتی. پارتی دیموکراتی کوردستان مارکەی تێکۆشانی سیاسییە لەم ناوچەیەدا نەک تەنیا لە ھەر کوردستان. ئـەوانەی کە لە ڕابردووی خۆشیان پەشیمان نابنەوە تەنیا و تەنیا پارتییەکانن. بۆیە ھەر کەسێک لە ئـێوە کە ڕۆژی یهكشهممهی داهاتوو دەنگ دەدات بە لیستی ژمارە (١٨٣)، دڵنیایە پەشیمان نابێتەوە و لە داھاتووی خۆی سەربەرز دەبێت.
لاوانی ژیر و سەرکەوتوو
خوشک و برایانی ئـازیز
ئـێمە چاوەڕوانیمان وایە کە زۆرترین ژمارەی قوتابیان و لاوان و چینی گەنجان و ئـافرەتان لە دەنگدانی ئـەمجارەدا حزبە ڕەسەنەکەی کوردستان و کوردەواری ھەڵدەبژێرن و دەنگ بە لیستی (١٨٣)ى پارتى دەدەن.
مێژوو، ئهزموون و بهسهرهاتهكان سهلماندوویانه، كوردستان بێ پارتی وەک ئـەوە وایە تۆ لە بیابانێکدا ون بووبیت و قیبلەنوماشت ون کردبێ. پارتی قیبلەنومای کوردستانە. پارتی ڕوو لەو شوێنە دەکات کە ھەقیقەتی مافی ئـەم گەلەی لێیە و تەنیاش بۆ ئـەوه ههوڵ دهدات و خهبات دهكات.
ئـێوە دەزانن من کە ئـەمڕۆ ئـەم قسانە دەکەم مەبەستم تەنیا ئـەوە نییە دەنگ بۆ پارتی کۆبکەمەوە، بەڵکو زیاتر مەبەستم ئـەوەیە پێتان بڵێم کەوا پارتی بۆ کوردستان (ئارامى و دڵنیایى یه)، پارتی بۆ ئـێوە (گەرەنتی و ئاسایشه). ئـەم قسەیەی من ههر تهنیا بانگەشەی ھەڵبژاردن نییە، ئـەمە ھەقیقەتی (٧٢) ساڵە لە مێژووی بزووتنهوهى سیاسیی کوردستاندا.
ئـێمە بووین، حزبهكهی ئێوه و پارتهكهی ئێوه بوو، کوردمان کرد بە پێشمەرگە. ئـێمە بووین لاوی کوردمان کرد بە دڕکی ژێر پێی داگیرکەر. ئـێمە بووین ئـافرەتمان ھێنایە گۆڕەپانی کاری سیاسی و کۆمەڵایەتی. ئـێمە بووین کوردستانمان پڕ کرد لە قوتابخانە و زانکۆ. ئـێمە بووین بۆ یەکەمین جار ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ئـاسایی و سەتەلایتمان دامەزراند. ئـێمە بووین ماڵەکانی ئـێوەمان پڕ کرد لە کتێبی جیا جیا بۆ ڕۆشنبیرکردنی خۆتان و منداڵەکانتان. با کەس، هیچ لایهك لاف و گەزافمان بەسەردا لێ نەدات. خۆڕایی نییە کە ئیوه به دهنگی بهرزهوه ههمیشه دهنگ بهرزدهكهنهوه و دەڵێن (پێشڕەوی کورد پارتییە .. سەرۆکمان بارزانییە).
لەبەرئـەوەیە ئـێوە کە ڕۆژی (٣٠)ی ئـەم مانگە دەچن بۆ دەنگدان، دەنگ بە داھاتووی گەش دەدەن،
دەنگ بە ئـاوەدانی دەدەن،
دەنگ بە خوێندن و خوێندەواری دەدەن کە ئـەویش ھەر لیستی (١٨٣)ی پارتییه،
دەنگ بە پێشمەرگە و بەرگری لە خاک و ئارامى و ئاسایش دەدەن ئـەویش لیستی (١٨٣)یە،
دەنگ بە مافی ئـافرەت و منداڵ دەدەن، دەنگ بە مافی مرۆڤ و یەکسانیی ئـاینەکان دەدەن،
دەنگ بە یەکسانیی موسڵمان و ئـێزیدی و کریستیان و کاکەیی دەدەن
دەنگ بە یەکسانیی کورد و تورکمان و کلد و ئـاشوور و ئهرمهن و شهبهك دەدەن،
ھەموو ئـەمانەش لە یهك شهودا كۆبووهتهوه ئهویش لیستی ژمارە (١٨٣)ی پارتی دیموكراتی كوردستانه،
خۆتان دەبینن ئـەو ھەموو پەلکەزێڕینەیە تەنیا لە پارتیدا ھەیە. پارتی پەلکەزێڕینەی کوردستانە بە تەواوی.
خۆشەویستان..
ئـێمە لەبارەی پارتییەوە ھیچ زێدڕۆییەک ناکەین ئـەگەر بڵێین سەرکەوتن و ژێڕکەوتنی دۆزی گەلی کوردستان لە پارتیدایە. لە (٧٢) ساڵی پێشوودا دوژمنانی ئـێمە وەک دڕندە پەلاماریان داین. چەکی کیمیاییشیان بەکار ھێنا، تەنانەت سوورەتی قورئـانی پیرۆزیان کرد بە دروشمی لەناوبردنی گەلی ئـێمە و سووتاندنی خاکەکەمان، بەڵام کوردستان و گەلەکەی ھەر مان. ئـێمەش دەستمان لە باوەڕی خۆمان بەرنەدا، دەزانن بۆ؟ لەبەرئـەوەی کوردستان ئـێوەی ھەیە. لەبەرئـەوەی کوردستان پارتی و بارزانی ھەیە. لاوان و پارتی و بارزانی بەیەکەوە، گەرەنتیی یەکلاکردنەوەی چارەنووسی کوردستانن بەرەو سەرکەوتنی یەکجارەکی.
دوا قسهم ئهوهیه، دەڵێم: بژی ئـەم وڵاتە.
بژی ئـەم گەلە سەربەرزە کە ڕۆڵەی ژیر و پاکی وەک ئـێوەی پێگەیاندووە.
بژی پارتی دیموکراتی کوردستان.
سەرکەوتن بۆ لیستی (١٨٣) لیستی خوێندن و ئـاوەدانی و وڵاتپارێزی.
ئـێمە خۆمان دەچەمێینەوە بۆ گیانی شەھیدان و بۆ کەسوکاریان، دەچەمێینەوە بۆ گەلی کوردستان.
ئـێمە وەک چیای سەربەرزی سەفین واین کە لێرەوە دیارە و سەری خۆی بۆ ھیچ ھێزێک نەوی نهکردووە، وەک ئـەم قەڵا و منارە سەربەرزەی ھەولێر واین، کە ھەزاران بەسەرھات و ڕووداومان بینیوە، بەڵام نەدۆڕاوین و نهكهوتین و ناكهوین.
بهڕێزان له كۆتاییدا من داواتان لێدهكهم جارێكی تر بۆ ناحهزانی ئێمه دووپاتی بكهنهوه كه پارتییهكهتان پێشڕهوه، به دڵنیاییهوه دوای ئهو ههڵبژاردنانهش كوردستان بهرهو ئاسۆیهكی گهشتر دهچێت، ئارامتر دهبێت، ئاوهدانتر دهبێت، به خۆڕاگری و پشتیوانیی ئێوه ڕۆژه سهختهكامان تێپهڕاند. ئێمه ئهمڕۆ ڕوومان له ئایندهیه و ڕۆژانی گهش چاوهڕێی ئێوه دهكهن، بهڵام یهك مهرجمان ههیه ئهویش ئهوهیه كه دهبێت بۆ ڕۆژی دهنگدان ههموومان بهیهكهوه، كهسوكاری خۆتان، خزمهكانتان و ئهوانهی كه مافی دهنگدانیان ههیه، ههموو بهیهكهوه له ڕۆژی دهنگدان بهرهو سهندوقهكانی دهنگدان بڕۆین و جارێكی دیكه بیسهلمێنن بۆ ناحهزان كه پارتی پێشڕهوه و به پێشڕهویش دهمێنێتهوه.
زۆر سوپاستان دهكهم بۆ ئامادهبوونتان،
شهوێكی شاد و پهنا بهخوا به خۆشی و سهركهوتوویی له ههڵبژاردنهكاندا بتانبینهوه،
ههموولایهكتان بهخێر بێن.




