كۆمسیۆن، سبەی سەعات ھەشتی بەیانی پرۆسەی دەنگدان دەست پێدەكات

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی گوتی، ھەموو ئامادەكارییەك بۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت كراوە، كە سبەی دەست پێدەكات و لە سەرتاسەری ھەرێمیشدا ٩٩ بنكەی دەنگدان كراونەتەوە.
سبەی لەھەرێمی كوردستان دەنگدانی تایبەت بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە دەچێت و، كۆمسیۆنیش ھەموو ئامادەكارییەكی كردووە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بە لیستی ١٨٣بەشداری لەو ھەڵبژاردنەدا دەكات.
پێوەست بە ئامادەكارییەكان بۆ بەڕێوەچوونی دەنگدانی تایبەت، كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئامادەكاریی تەواو بۆ پرۆسەی دەنگدانی تایبەت كراوە و سبەی لە سەعات ھەشتی بەیانی پرۆسەی دەنگدان دەست پێدەكات و تاوەكو شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت، كە ٩٩بنكەی دەنگدان لە سەرتاسەری ھەرێم كراونەتەوە، بە جۆرێك لە ھەولێر ٤١ و سلێمانی ٣٧ بنكە و ھەڵەبجە یەك بنكە و دھۆكیش ٢٠بنكەی دەنگدانە".
جەلال گوتیشی: "ئەو انەی سبەی مافی دەنگدانیان ھەیە لە سەرتاسەری ھەرێم لە دەنگدانی تایبەت، ١٧٠ هەزار و ٤٦٩ كەسن".
دەشڵێ، بنكەكانی دەنگدان ئامادەن و ھەموو پێداویستییەكیان بۆ دابین كراوە، ئەمڕۆیش ناوی ئەو كەسانەی مافی دەنگدانیان ھەیە، لە دیواری بنكەكان ھەڵدەواسرێت.
بڵند ئیبراھیم




