٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

كۆمسیۆن، ژمارەی دەنگدەر و بنكەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتیی ئاشكرا كرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- فەرمانگەی داتای سەر بە كۆمسیۆنی باڵای راپرسی و ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، ژمارەی دەنگدەر و بنكەكانی ھەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتیی بڵاو كردەوە، كە تێیدا ھاتووە، لە سەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا، سێ ملیۆن و ٨٥ ھەزار كەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

بەپێی داتای كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، لە سنووری پارێزگای ھەولێر تەنیا بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت ٤١ بنكە بە ڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە كە ٢٠١ وێستگە لە خۆ دەگرێت و ٧٢ ھەزار و ٦٥٣ كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان ھەیە، ھەروەھا بۆ دەنگدانی گشتی ٤٩٩ بنكەی دەنگدان لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەكرێنەوە كە ٢١٤٢ وێستگە لە خۆ دەگرێت و یەك ملیۆن و  ٣٦٤١٩ ھاووڵاتی مافی دەنگدانی گشتییان ھەیە، سەرجەمی دەنگدەرانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای ھەولێر، ملیۆنێك و ١٠٩ ھەزار و ٧٢ كەسن و ٥٤٠ بنكەیش بۆ ھەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی دەكرێنەوە.

لە سنووری پارێزگای سلێمانی، ٣٧ بنكە بۆ دەنگدانی تایبەت دەكرێنەوە و لە رێگەی ١٧٢ وێستگەوە ٦٢ ھەزار و ٢٢٠ كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان ھەیە، ھەر لە پارێزگای سلێمانی ٤٧٦ بنكە و ٢٠٣٦ وێستگە بۆ دەنگدانی گشتی دەكرێنەوە كە ملیۆنێك و ١٣٤ ھەزار و ٧٦٠ كەس مافی دەنگدانی گشتییان ھەیە و بۆ ھەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی لە پارێزگای سلێمانی، ٥١٣ بنكە دەكرێنەوە و لە رێگەی ٢٤٧٦ وێستگەوە دەنگدەرانی گشتی و تایبەت كە ملیۆنێك و ١٩٦ ھەزار و ٩٨٠ كەسن، مافی دەنگدانیان ھەیە.

 

 ھەر بەپێی داتای كۆمسیۆن لە سنووری پارێزگای دھۆك ٢٠ بنكە بۆ دەنگدانی تایبەت دەكرێنەوە و لە رێگەی ٩٢ وێستگەوە ٣٣ ھەزار و ٤٢١ كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان ھەیە، ھەر لە پارێزگای دھۆك ٢٥٧ بنكە و ھەزار و ٣٦١ بنكە بۆ دەنگدانی گشتی دەكرێنەوە و ٦٧٧ ھەزار و ٧٩٧ كەس مافی دەنگدانی گشتییان ھەیە، كۆی بنكە و دەنگدەرانی گشتی و تایبەت ژمارەیان ٧١١ ھەزار و ٢١٨ كەسە و ٢٧٧ بنكە و ھەزار و ٤٥٣ وێستگەیش دەكرێنەوە.

لە سنووری پارێزگای ھەڵەبجە، یەك بنكەی دەنگدانی تایبەت دەكرێتەوە و لە رێگەی شەش وێستگەوە دوو ھەزار ١٧٥ كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان ھەیە، ھەروەھا بۆ رۆژی دەنگدانی گشتی ٢٨ بنكە و ١٣٢ وێستگە دەكرێنەوە كە لەو پارێزگایە ٦٦ ھەزار و ١٦ كەس مافی دەنگدانی گشتییان ھەیە، ژمارەی دەنگدەرانی گشتی و تایبەت لە ھەڵەبجە دەگاتە ٦٨ ھەزار و ١٩١ كەس، كە لە رێگەی ٢٩ بنكە و ١٣٢ وێستگەوە دەنگ دەدەن.

بە گوێرەی فەرمانگەی داتا لە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی ھەرێمی كوردستان، لەسەرتاسەری ھەرێمی كوردستاندا ٩٩ بنكەی دەنگدان و ١٧١ وێستگە بۆ دەنگدەرانی تایبەت دەكرێنەوە، كە ١٧٠ ھەزار و ٤٦٩ كەس مافی دەنگدانی تایبەتیان ھەیە، ھەروەھا ھەزار و ٢٦٠ بنكە و پێنج ھەزار و ٩٤١ وێستگە بە ڕووی دەنگدەراندا دەكرێنەوە و دوو ملیۆن و ٩١٤ ھەزار و ٩٩٢ كەس مافی دەنگدانی گشتییان ھەیە، كۆی گشتیی بنكەكانی دەنگدانی گشتی و تایبەتیش، ھەزار و ٣٥٩ بنكەیە و لە رێگەی شەش ھەزار و ٤١٤ وێستگەوە سێ ملیۆن و ٨٥ ھەزار و ٤٦١ كەس مافی دەنگدانیان ھەیە.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار