٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە كەركووك پێنج بەڕێوەبەری دیكەی كورد لادران

سەرچاوە: KDP.info

 

كەركووك-KDP.info- حەفتەی رابردوو، پارێزگاری كەركووك بڕیاری لەسەركارلادانی پێنج بەڕێوەبەری كوردی سنووری كەركووكی دەركرد. نوێنەرێكی خەڵكی كەركووكیش دەڵێ، عەرەباندن ھەموو كەرتەكانی گرتووەتەوە و ھاوردەكردنی عەرەب بۆ داگیركردنی خاكی كوردستان، بەردەوامە.

لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوو، دەستەڵاتی بەزۆر سەپێندراوی كەركووك بە پیلانێكی پێشتر داڕێژراو، دەستی كردووە بە سڕینەوەی كورد لە ئیدارەی كەركووكدا و تا ئێستا دەیان بەڕێوەبەری كورد لە كارەكانیان دوور خراونەتەوە.

لەو بارەیەوە، شاخەوان عەبدوڵڵا، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "پڕۆسەی بەعەرەبكردنی كەركووك بەردەوامە و بگرە زیادیشی كردووە، چونكە تەنیا لە حەفتەی رابردوودا لەلایەن ئیدارەی سەپێندراوی پارێزگای كەركووكەوە، پێنج بەڕێوەبەری دیكەی كورد لەسەر كارەكانیان دوور خراونەتەوە و لادراون، ئەمە لە كاتێكدایە پێشتر چەندین بەڕێوەبەری دیكەی كورد لەسەر كارەكانیان لادراون و كەسانی عەرەب و شۆڤێنی لە شوێنیان دانراون".

بەپێی زانیارییەكانی بەرپرسانی كورد لە كەركووك، عەرەبی شۆڤێنی لە ناوچەكانی دیكەی عێراقەوە بە لێشاو ھاوردەی كەركووك دەكرێن و لەسەر زەویی كورد جێگیر دەكرێن.

عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان روونی كردەوە: "عەرەباندن ھەموو جۆمگەكانی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری و ئیداریی گرتووەتەوە و، بەردەوام عەرەب ھاوردەی كەركووك دەكرێن و لەسەر زەویی كورد جێگیر دەكرێن، بە تایبەتی لەو سنوورانەی لەگەڵ ناوچە عەرەبنشینەكاندا ھاوبەشن".

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار