ئاكرێ و بەردەڕەش.. ژمارەیەك لایەنگری حزبەكان پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتییەوە كرد

ئاكرێ-KDP.info– ڕۆژانە لە شار و شارۆچكەكانی كوردستان پەیوەندیكردن بە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە بەردەوامە و، لە سنووری شارۆچكەی ئاكرێ و بەردەڕەشیش ژمارەیەك لە لایەنگری یەكگرتوو، كۆمەڵ، هاوپەیمانی و نەوەی نوێ، پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتییەوە كرد، كە زیاتر لە 700 كەس دەبن و كار بۆ سەرخستنی لیستی 183 دەكەن.
لە ژێر درووشمی (بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز)، پارتی دیموكراتی كوردستان بە لیستی 183 لە هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا بەشدارە و بەرنامەیەكی رێكوپێك و گشتگیری داناوە، خەڵكی هەرێمی كوردستانیش بۆ بەهێزكردنی زیاتری كوردستان، دەنگ بە پارتی دەدەن، بۆیە رۆژانە پەیوەندی بە ڕیزەكانییەوە دەكەن.
سەباح بەیتوڵڵا، بەرپرسی لقی 9ی پارتی لە ئاكرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "پەیوەندیكردن بە ڕیزەكانی پارتیمان لە سنووری لقی 9 لە ئاكرێ و بەردەڕەش بەردەوامە و، دەتوانم بڵێم زیاتر لە 700 كەسی تێپەڕ كردووە و بڕیاریشە سبەی چوارشەممە ژمارەیەكی زۆرتریش لە لایەنگرانی هاوپەیمانی و نەوەی نوێ، بێنە نێو ڕیزەكانی پارتیمانەوە".
بەرپرسی لقی 9 ی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕاشیگەیاند: "تاكو ئێستا دوو كارگێڕی مەڵبەندی یەكگرتووی ئیسلامی لە ئاكرێ و كارگێڕی مەڵبەندی كۆمەڵی ئیسلامی لە دهۆك، كە خەڵكی ناوچەكەی ئێمەیە، پەیوەندییان بە ریزەكانی پارتیمانەوە كردووە، دوێنێیش لە سنووری شارۆچكەی بەردەڕەش ژمارەیەكی زۆر لە ئەندامانی هاوپەیمانی لە ناوچەی بەردەڕەشی پارتیمان بە ئامادەبوونی كاك مەحموود محەممەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، هاتنە نێو ڕیزەكانی پارتیمان و، پەشیمانیی خۆیان دەربڕی و ئەوەیان بۆمان دووپات كردەوە كە بە هەموو توانایەكیان لە ناو ریزەكانی پارتیمان خزمەت دەكەن و كاریش بۆ سەرخستنی لیستی 183 پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30-9 دەكەن".
وەك بەتوڵڵا گوتی: "ئێستا هەموویان گەییشتوون بەو قەناعەتەی كە كێیە خزمەت بە و كوردستانە دەكات، كێیە بەرژەوەندیی گەل دەپارێزێ، كێیە بەرگری لە خاكی كوردستان و میللەتی كورد دەكات و بەرەو سەرفرازی دەبات،. ئەوان بۆیان ئاشكرا بوو ئەوانەی وەختی خۆی دەیانگوت كردار شەرتە، ئەمڕۆ درووشمەكانیان بووەتە كڕیار شەرتە، چونكە دیار بوو دروستكردنی حیزب بۆ بەرژەوەندیی خۆیان بوو و ئەو بەرژەوەندییەش بۆ خەڵك ئاشكرابوو كە تا چ ڕادەیەك ڕاستە، هەروەها ئەوانەی ناو لایەنە ئیسلامییەكانیش گەییشتوونەتە قەناعەت و هێدی هێدی وازیان لێ دێنن و دەگەڕێنەوە ناو ڕیزەكانی پارتیمان".
نەشوان بەرزنجی




