سەربەخۆخوازان: بە هەمان گوڕوتینی ڕیفراندۆمهوه دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی دەدەین

سۆران-KDP.Info- كوردستانیان دەڵێن، ئەمڕۆ رۆژێكی مێژووییە بۆ گەلی كوردستان، هیواداریشن خەڵكی كوردستان ئەو حزبە هەڵبژێرن كە پشتگیریی ریفراندۆمی كردووە و ئامادە نییە دەست لە سەربەخۆیی كوردستان هەڵبگرێت.
بە بۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر سەركەوتنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمدا، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی، كەرنەڤاڵێكی جەماوەری لە هەولێر ساز دەدرێت، كە هاوكاتە لەگەڵ بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بۆ سەرخستنی لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان.
لە میانی پڕۆگرامی بنكۆڵكاری كەناڵی جەزیرەی قەتەریدا كە تایبەت بوو بە ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان و دەرهاوییشتەكانی كە ساڵێك پێش ئێستا لە 25/9/2017 ئەنجام درا و نزیكەی 93%ـی خەڵكی كوردستان بە بەڵێ دەنگیان دا، سەرۆك بارزانی رایگەیاند: "لەوانەیە هەبووبن پێیان وا بووبێت بڕیاری ریفراندۆم لەو كاتەدا هەڵەیە، بەڵام بە بۆچوونی من و سێ ملیۆن هاووڵاتی، بڕیارێكی راست و یاسایی و دەستووری و مافێكی سرووشتیی گەلی كوردستانە، ئێستایش ئامادەم ریفراندۆمێكی دیكە بكرێت و بزانین گەلی كوردستان سوورە لەسەر ئەو بڕیارەی داویەتی یان پاشگەز بووەتەوە".
كازم عیسا، كە مامۆستایە لە سنووری پەروەردەی سۆران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "ئەمڕۆ رۆژێكی پیرۆزە لە مێژوویی گەلی كوردستاندا، هەر رۆژێك ریفراندۆم بكرێت، من ئامادەم روو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەم و دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان بدەم، هیوادام گەلی كوردستان ئەو حزبە هەڵبژێرێت كە پشتگیریی ریفراندۆمی كرد و ئامادە نییە دەست لە سەربەخۆیی كوردستان هەڵبگرێت".
گولیشان حاجی، كە فەرمانبەرە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاماژەی دا: "ئەمڕۆ ساڵێك بەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا تێدەپەڕێت، خۆشترین رۆژی ژیانی من رۆژی 25/9/2017 بوو، وەكو سەرۆك بارزانی فەرمووی رۆژێك هەر دێت ئێمەی كوردستانیان سەربەخۆ دەبین، مادام سەربەخۆییمان دەوێت، دەبێت لە رۆژی 30/9 ئەو حزبە هەڵبژێرین كە پشتگیریی ریفراندۆمی كرد".
سەمەد جەبار، هاووڵاتییەكی دیكەی چۆمانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "رۆژی هەڵبژاردن بە هەمان گوڕوتینی رۆژی 25/9 روو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكەین و دەنگی خۆمان بەو حزبە دەدەین كە دەریایەك خوێنی لە پێناو سەربەخۆیی كوردستاندا بەخشیوە، چونكە ئەگەر ئەو حزبە سەر بكەوێت، كوردستان سەر دەكەوێت و كورد بەو ئاواتە دەگات كە قوربانی بۆ داوە، بۆیە پێویستە رۆژی هەڵبژاردن هەموو روو لە سندووقەكانی دەنگدان بكەین و دەنگ بە لیستی 183ی پارتی بدەین".
هۆزان خورشید، چالاكوانی سیاسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان، تاپۆیە لە دەست خەڵكی كوردستاندا و هەر كاتێك بیەوێت دەتوانێت زیندووی بكاتەوە و كار بە ئەنجامی ریفراندۆم بكات، هۆكاری ئەوەش كە خەڵكی كوردستان 93% دەنگیان بۆ سەربەخۆیی دا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پارتی پشتگیری لەو هەوڵە دەكرد و هەموو هەوڵێكی دەدا كوردستان سەربەخۆ بێت، ئێستاش كە 30/9 هەڵبژاردن دەكرێت، خەڵكی كوردستان بە هەمان گوڕوتینەوە دەنگ بە پارتی دەدات و ئەو حزبە سەر دەخات كە پشتگیری لە سەربەخۆیی كوردستان كردووە".
ڕابین شێروانی




