فەھیم عەبدوڵڵا: ئەمڕۆ وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆتایی دێت.. پێویستی به بڕیاره

دھۆك-KDP.info- سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك گوتی، ئەمڕۆ وادەی یاسایی ئەنجوومەنی پارێزگاكان كۆتایی دێت، بۆیە پێویستە حكوومەت یاخود پەرلەمان بڕیارێك دەربكەن بۆ ئەوەی ئەنجوومەنەكان لە كاری خۆیان بەردەوام بن.
دوای ئەوەی ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی پاێزگاكانی ھەرێمی كوردستان كۆتایی پێ ھات، ٩٠ ڕۆژ ماوەكەیان بۆ درێژ كرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ ئەو سێ مانگەیش تەواو بووە، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنەكانیش لە كاری خۆیان بەردەوام بن، پێویستە حكوومەت یاخود پەرلەمان بڕیارێك دەربكەن بۆ ئەوەی تا ھەڵبژاردن دەكرێت، ئەوان لە كاركردن بەردەوام بن.
سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك، فەھیم عەبدوڵڵا حەمۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانیڕاگەیاند: "ئێمە چەندین جار داوامان كردووە كە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی نوێ دیاری بكرێن و دەست بە كاری خۆیان بكەن، بەڵام تاوەكو ئێستا وادەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دیاری نەكراوە و ئێستایش ئێمە ماوەی یاساییمان تەواو بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەیش رۆژانە دەوامی خۆمان دەكەین تاوەكو بڕیارێكی لەبارەوە دەدرێت".
حەمۆ گوتیشی: "بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین لە كاری خۆمان بەردەوام بین، پێویستە حكوومەت یاخود پەرلەمانی كوردستان بڕیارێك دەربكەن، بۆ ئەوەی تا ھەڵبژاردن دەكرێت، لە كاركردن بەردەوام بین، چونكە ئەو كارە ئاساییە و لە ماوەی ڕابردوودا ھەبووە".
بڵند ئیبراھیم




