٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتیی قوتابیان: پارتی ھەردەم خەمخۆری راستەقینەی قوتابیانە

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان دەڵێ، پارتی سەرمەشقی خەباتی كوردایەتییە. ڕاشیدەگەیێنێت، لە كابینەی دابێ پلان و پڕۆژەیان ھەیە كە لە بەرژەوەندیی قوتابیاندان، یەكێتیی قوتابیانی كوردستانیش ھەردەم خەمخۆری راستەقینەی قوتابیانە.

پارتی دیموكراتی كوردستان، بۆ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەرنامەیەكی (١٠) خاڵیی داناوە، لە یەكێك له‌ خاڵه‌كانیدا، پەرەدانە بە كەرتی پەروەردە و خوێندن و خوێندنی باڵا، كە لیســتی پارتــی وێــڕای پێزانینــی بەردەوامــی بــۆ رۆڵــی مامۆســتایان و ھەڵوێســتیان لــە رۆژە ســەختەكاندا، كار دەكات بــۆ پەرەپێدانـی تەكنەلۆژیـای زانیـاری و نوێكردنـەوەی بەردەوامـی میتۆدەكانی خوێنـدن تـا لەگـەڵ رەوتی پێشـكەوتنە زانسـتییەكانی سـەردەم بگونجێن، ھەروەھا كۆتاییھێنــان بــە كێشــەی كەمـیـی قوتابخانــە و قەرەباڵغــیی پۆلەكانــی خوێنـدن و ھەمـوو ئـەو كـەم و كورتییانـەی دەبنـە ھـۆی پێشـنەكەوتنی ئاسـتی خوێنـدن و فێربـوون.

نێچیرڤان كەلاری، سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان  گوتی: "ئێمە وەك یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە روانگەی پەرۆشیمان بۆ ئەرك و مافی قوتابیان، ھەروەھا  لە روانگەی بڕوابوونمان بە پەیڕەو و پڕۆگرامەكانمان، ھەردەم كارمان كردووە بۆ پێشكەوتنی ئاستی قوتابیان و ھەوڵدان بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەھێز، لە رووی نەتەوەییشەوە ئامانجمان بوون بە دەوڵەتی سەربەخۆیە، تا لەناو قوتابیاندا ھەست و ئینتیمای نیشتیمانی بەھێز بكەین، بێگومان پارتی دیموكراتی كوردستانیش داكۆكیكارێكی سەرسەختی ئەم بابەتانەیە، ئەنجامدانی ریفراندۆمیش لە پارساڵدا، ھۆكارێكی گەورەیە كە ئێمە پاڵپشتیی پارتی دیموكراتی كوردستان بكەین".

پێوه‌ست بەوەی كە تا چەند یەكێتیی قوتابیان ھەوڵی داوە چارەی ئەو كێشانە بكات كە قوتابیان رووبەڕووی دەبنەوە، كەلاری گوتی: "لە رابردوودا حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە دەسەڵاتەكەی لە لایەن پارتییەوە بووە، كۆمەڵێك دەستكەوت و مافی بۆ قوتابیان دابین كردوون، چ لە رووی نزمبوونەوەی ئاستی نەخوێندەواری و زۆربوونی رێژەی قوتابخانە، زانكۆ و پەیمانگاكان، ھەروەھا ئێمە بەردەوام ھەوڵمان داوە ئەو كێشە و گرفتانە چارە بكەین كە قوتابیان رۆژانە بەرەوڕوویان دەبنەوە".

كەلاری هەروەها ئاماژەشی دا: "ساڵی رابردوو بڕی ١٠٠ ھەزار كرێی بەشەناوخۆییەكان لە قوتابی دەستێندرا، خۆشبەختانە بە ھەوڵی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان توانرا ئەو ١٠٠ ھەزارەیش نەمێنێ، بەڵام لە لایەكی تر بەھۆی قەیرانی داراییەوە دەرماڵەی قوتابیان لەم چەند ساڵەی رابردوودا بڕاوە و نادرێ، ئێمە ھەوڵ دەدەین لە كابینەی داھاتوودا ئەم دەرماڵەیە بدرێتەوە قوتابیان".

سكرتێری یەكێتیی قوتابیانی كوردستان دەشڵێ: "بە دەنگدان و پاڵپشتیكردن لە لیستی ١٨٣ی پارتیمان، بێگومان زۆربەی مافەكانی قوتابیان دابین دەكرێن، ئێمەیش وەك یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە روانگەی بڕوابوونمان بەوەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان تاكە لایەنە لە مەیدانی خەبات و نەتەوایەتی و نیشتمانیدا خەبات دەكات و سەرمەشقی خەباتی كوردایەتییە، لە رابردوویشدا سەلماندوویەتی و لە ئێستایشدا بەدەم گیروگرفتەكانی قوتابیانەوە ھاتووە و خەمخۆری راستەقینەی قوتابیانە".

 

هەڵكەوت محەممەد

هەواڵی پەیوەندیدار