نێچیرڤان بارزانى و پۆمپیۆ، پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق تاوتوێ ده‌كه‌ن

هەولێر-KDP.info- لە پێوەندیی تەلەفۆنیی نێوانیاندا، سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا جه‌ختیان له چڕكرده‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌رخستن و به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى سیاسى له عێراق كرده‌وه و، له‌مباره‌یه‌وه پۆمپیۆ ئاماژه‌ى به گرنگیى ڕۆڵى كارا و به‌رچاوى هه‌رێمى كوردستان له به‌شداریى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و پێكهێنانى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى وڵات‌دا كرد.
ئێواره‌ى شه‌ممه 22/9/2018، نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان له به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كى ته‌له‌فۆنى له مایك پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكاوه پێگه‌یشت.
له په‌یوه‌ندییه ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا نێچیرڤان بارزانى و پۆمپیۆ، تاوتوێى دوایین پێشهاته‌كانى دۆخى سیاسى و ئاینده‌ى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراقیان كرد و تیشكیان خسته سه‌ر هه‌ڵبژاردنى ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى سه‌رۆكایه‌تیى كۆمار و كابینه‌ى نوێى حكوومه‌تى داهاتووى عێراق.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له چڕكرده‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ سه‌رخستن و به‌ره‌وپێشبردنى پرۆسه‌ى سیاسى له عێراق كرده‌وه و هیوایان خواست كه قۆناغى داهاتووى عێراق، قۆناغى سه‌قامگیریى سیاسى و ئه‌منى بێت و حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتى داهاتووى عێراق ڕه‌نگدانه‌وه‌ى خواست و مافه‌كانى هه‌موو پێكهاته عێراقییه‌كان بێت. له‌مباره‌یه‌وه پۆمپیۆ ئاماژه‌ى به گرنگیى ڕۆڵى كارا و به‌رچاوى هه‌رێمى كوردستان له به‌شداریى پرۆسه‌ى سیاسیى عێراق و پێكهێنانى هه‌رسێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كانى وڵات‌دا كرد.
تاوتوێكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و دوایین پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى عێراق و ناوچه‌كه به‌گشتى، به‌شێكى دیكه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كه‌ى به‌ڕێز مایك پۆمپیۆ، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مه‌ریكا بوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆك وه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان.




