بەرپرسێكی پارتی: پێشبینی دەكەین لە سلێمانی دەنگەكانمان سێ بەرانبەر زیاد بكات

سلێمانی-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان، پێشبینی دەكات لە رۆژی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولدا، رێژەی دەنگەكانی بەراورد بە ١٢ی ئایاری رابردوو لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە زۆر زیاد بكات. بەرپرسی ھەڵبژاردنی پارتییش لەو سنوورە دەڵێ: "تەنیا ساختەكاری لە دەنگی پارتیدا نەكرێت، سێبەرانبەر دەنگەكانمان زیاد دەكەن".
رزگار ئەژی گۆران، بەرپرسی ھەڵبژاردنەكانی پارتی لە سنووری سلێمانی و ھەڵەبجە، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بانگەشەی لیستی ١٨٣ی پارتی لە سنووری ھەردوو پارێزگای ھەڵەبجە و سلێمانی بەردەوامی ھەیە و رۆژانە چەندین كۆڕ و كۆبوونەوە و چالاكی لەسەر ئاستی جیاواز بەڕێوە دەچن، ئەمجارە تا وەك ھەڵبژاردنی پێشوو ساختەكاری بەرانبەر بە دەنگەكانی پارتی لە سنووری سلێمانی نەكرێت، خولی راھێنان بۆ بریكارەكانی پارتی كراوەتەوە، ئەوانەی لە ڕۆژی دەنگداندا چاودێریی پڕۆسەكە دەكەن".
بەرپرسی مەكتەبی ھەڵبژاردنی پارتی لە سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "ئێمە پێشبینی دەكەین دەنگی پارتی بەراورد بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لەم هەڵبژاردنەدا سێبەرانبەر زیاد بكات، چونكە ئەوەی پێشوو دەنگی راستەقینەی پارتیمان نەبوو، ئێمە دەزانین پێگەی جەماوەری لەو سنوورە چەندە و ھەموو ھەڵبژاردنەكانیش سەرەڕای رێگرییەكان، پارتی زۆر زیاتر دەنگی بەدەست ھێناوە".
گۆران روونی كردەوە: "ئێمە وەك خۆئامادەكردن و بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول و ھەڵسەنگاندن و پێشبینی خۆمان بۆ پێگە و قەبارەی جەماوەری پارتی لە سلێمانی و ھەڵەبجە، بەس رێگریمان لێ نەكرێت و ساختەكاری نەكرێت، دەنگی ئێمە زۆر زیاد دەبێت و ئاماژەكان دڵخۆشكەرن".
قائید میرۆ




