٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. بەشیر: ئەمڕۆ دواوادەیە.. باوەڕ ناكەم 25ی مانگ پۆستی سەرۆككۆمار یەكلا بكرێتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، سەعات سێی ئەمڕۆ، دواوادەیە بۆ ئەوەی لایەنەكان ناوی كاندیدی خۆیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار پێشكەش بكەن. دەشڵێ، مەرج نییە 25ی مانگ پۆستی سەرۆككۆمار یەكلا بكرێتەوە، چونكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار، تا 3/10 دەرفەتە.

بەپێی دابەشكردنی پۆستەكان و لەبەرچاوگرتنی سیستمی تەوافوق و تەوازن و شەراكەت، پۆستی سەرۆككۆمار بۆ كورد یەكلا بووەتەوە، بۆیە جگە لە كورد هیچ لایەنێكی دیكە كاندیدیان بۆ پۆستی سەرۆككۆمار نابێت، ئەویش بە هۆی پێدانی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكوەزیران بە پێكهاتەی سوننە و شیعە.

د. بەشیر خەلیل حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "هیوادارین لەگەڵ بەغدادا لاپەڕەیەكی تازە هەڵبدەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانین مافەكانی هەرێمی كوردستان بەدەست بهێنین، بۆیە ئۆمێد هەیە لە حكوومەتی داهاتوودا بەشێك لە داواكارییەكانی كورد جێبەجێ بكرێن".

حەداد، دەشڵێ: "ژمارەیەك ناو پێشكەش كراون بۆ پۆستی سەرۆككۆمار، ئەمڕۆ سەعات سێ دواوادەیە بۆ ئەوەی لایەنەكان ناوی كاندیدی خۆیان پێشكەش بكەن، بەڵام تا ئێستا دیار نییە چەند كەس سیڤیی خۆی پێشكەش كردووە، یەكێتی كاندیدی هەیە، پارتییش جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە كاندیدی خۆی دەبێت، باشتر وایە كورد یەك كاندیدی هەبێت، بۆ ئەوەی ئێمە وەك كورد وێنەیەكی جوانتر پیشانی دەرەوە بدەین، كە كورد یەكگرتوو و یەكڕیزە و یەك كاندیدی هەیە، ئەگەر زیاتر لە كاندیدێكیش هەبێت، ئەوە شتێكی ئاسایی و یاساییە و لەناو هۆڵی ئەنجوومەنی نوێنەران بە دەنگدان ئەو پۆستە یەكلا دەكرێتەوە".

جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "مەرج نییە 25ی مانگ پۆستی سەرۆككۆمار یەكلا بكرێتەوە، چونكە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆككۆمار تا 3/10  دەرفەتە، ئەوە تەوقیتێكی دەستوورییە، چونكە لە 3/9 پەرلەمان یەكەم كۆبوونەوەی خۆی ئەنجام دا، بۆیە باوەڕ ناكەم 25ی مانگ پۆستی سەرۆككۆمار یەكلا بكرێتەوە".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار