٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی چی كردووە و چیی تر دەكات؟

سەرچاوە: KDP.info

 

دهۆك-KDP.info- پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە سەرەتای دامەزرانییەوە كاری بۆ كوردستانێكی بەهێز كردووە و دەیكات، هەروەها توانیویەتی پێگەی سیاسی و جیۆسیاسیی كوردستان بەهێز بكات، وەك شارەزایانیش دەڵێن، پارتی كاری بۆ بەرزكردنەوەی هەموو ئاستەكانی ژیان لە هەرێم كردووە و دەیشیكات، دەشتوانێت پێگەی كورد زیاتر بەهێز و بەرەوپێشتر ببات.

 

لیستی ١٨٣ی پارتی دیموكراتی كوردستان بە دروشمی بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز، پشكداریی هەڵبژاردنەكانی ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵ دەكات، لە كارنامەی پارتیدا چەندین خاڵ و بڕگەی جیاجیا هەن بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان و بەهێزكردنی پێگەی سیاسی و ئابووریی كورد لە ناوچەكەدا.

 

لە ڕووی یاسایی و دەستوورییەوە

 

پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لە ڕێگای یاساوە پەنای بردووەتە بەر چارەكردنی كێشەكان و ویستوویەتی یاسا سەروەری هەموو شتێك بێت، هەروەها لە ڕووی دەستووریشەوە مامەڵەی لەگەڵ كێشەكاندا كردووە، كەچی ئەوانەی دیكە، بە حوكمی زۆرینە، پێشێلكاریی بەندە دەستوورییەكانیان كردووە. لەو ڕووەشەوە، ڕینجبەر جەمیل شێخۆ، مامۆستای زانكۆی دهۆك و پسپۆڕی یاسایی و دەستووری، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی هەمیشە بە گوێرەی یاسا و دەستوور مامەڵەی لەگەڵ عێراقدا كردووە، كەچی عێراق بە پێچەوانەوە مامەڵەی كردووە و هەموو بەندە یاساییەكانی دەستووری تێك داون."

 

 

شێخۆ گوتیشی: "هاتنی حەشدی شەعبی بۆ ناوچە كوردستانییەكان و بڕینی بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستان و... تا دوایی، هەمووی ئەمانە و چەندین بڕگەی تریش، پێشلكاریی دەستوورین. دەشیانگوت دەبێ ڕیفراندۆم هەڵبوەشێنرێتەوە، كەچی سەركرایەتیی سیاسیی كورد بە سەرۆكایەتیی پارتی، حكوومەتی عێراقی ناچار كرد بێتە سەر هێڵ و گفتوگۆ بكەن و فڕگەكانی هەرێم بكەنەوە، ئەمەیش مانای ئەوەیە كورد هەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە كە هەموو بەندەكانی دەستوور جێبەجێ بكرێن، نەك تەنیا چەند خاڵێك".

 

لە ڕووی جیۆسیاسییەوە

 

وەك دیارە هەرێمی كوردستان لە ڕووی جیۆسیاسییەوە لە شوێنێكی هەستیاری ناوچەكەدایە، پێوەست بەمەش، د. مزگین محەمەد، پسپۆڕی جوگرافیا لە زانكۆی دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "پارتی توانیویەتی هەرێم بە بەهێزی بهێڵێتەوە وەك كیانێكی ئیقلیمی، هەروەها هەرێمی كوردستانیش لە ڕووی جیۆپۆلیتیكییەوە هاوسەنگییەك لە ناوچەكەدا دروست بكات".

 

محەمەد گوتیشی: "پارتی توانیویەتی هەرێمی كوردستان بكاتە شوێنێكی ستراتیژی، هەم بۆ وڵاتان و هەم توانی گوشارەكان جارێكی تر ئاسایی بكاتەوە بە تایبەت هیی وڵاتە بەهێزەكانی دەوربەرمان، بۆ نموونەش، توركیا و ئێران، كە دوای ڕیفراندۆم ئەوان نەیانتوانی درێژە بە گوشارەكانیان بدەن و ستراتیژیی پارتی وابوو ئەوان پێویستیان بە پێگەی كورد بێت."

 

لە ڕووی سیاسی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە

 

بە هۆی سیاسەتی ژیرانەی سیاسەتمەدارانی پارتییەوە هەمیشە كورد لە ڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانەوە توانیویەتی بەرەو پێشەوە بچێت. هاوكات د. خەلیل ئەترووشی، مامۆستای زانكۆی دهۆك، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "دوای ئابڵووقەی ئابووری و دابەزینی نرخی نەوت و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان، هەندێك پێیان وابوو سەنگی پارتی بەرەو دابەزین ڕۆییشتووە، كەچی بە پێچەوانەوە دەركەوت كە سەنگی پارتی لە جاران بەهێزتریشە و دوایین هەڵبژاردنیش بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە".

 

لە كارنامەی پارتیدا، بەشێك لە ئامانجە سیاسییەكان بریتین لە، بەهێزكردنـی دەنـگ و سـەنگ و قورسـاییی كـورد لـە بەغـدا و لە هاوكێشـە ئیقلیمـی و نێودەوڵەتییەكانـدا و خەباتـی بـەردەوام بـۆ تێگەیاندنـی هەموو لایەك لـە مافـی ڕەوای چارەنووسـی گەلی كوردسـتان.

 

 

ئەترووشی گوتیشی: "پارتی وای كرد كوردستان لە هاوكێشە نێودەوڵەتییەكاندا ببێتە یارێزانێك، بە تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناڤیندا، لە بەرنامەی پارتی دیموكراتی كوردستانیشدا هاتووە كە پێگەی سیاسیی هەرێم لە ناوچەكە و جیهانیشدا بەهێزتر بێت، بەتایبەت لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر كە چەند درزێك كەوتوونەتە سیاسەتی ناوچەكەوە".

 

لە ڕووی مێژووییەوە

مێژووی پارتی دیموكراتی كوردستان پڕە لە سەروەری و بە هەزاران شەهیدی داوە و خاوەنی دنیایەك داستانە لە پێناو كوردستانێكی سەربەخۆدا، لەو بارەیەشەوە، ئەترووشی ئاماژەی دا: "پارتی خاوەن مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و دەستكەوتە، هەر لە سەرەتای دامەزراندنیشییەوە توانی پارتێکی سەرتاسەری بێت هەر لە زاخۆوە تا خانەقین، ئەمەش وەرچارخانێكی گەورە بوو لە مێژووی كوردستاندا و پارتی لە قاڵبی عەشایری و ناوچەگەری دەرچوو و توانی ببێتە حزبێكی كوردستانی بۆ هەموو چین و توێژ و ئایین و ئایینزاكان، گەورەترین دەستكەوتی پارتییش ئەوە بووە لە ساڵی ١٩٥٨دا لە دوای كۆدەتای سەربازیی عەبدولكەریم قاسم، كورد توانی ببێتە هاوبەشی عێراق و لە دەستووری عێراقیشدا مافیان چەسپاند و ددانیان پێدا نا".

 

ئەو دەشڵێ: "سەركەوتن و دەستكەوتێكی دیكەی پارتی لە ڕێككەوتننامەی ١١ی ئاداری ساڵی ١٩٧٠دا بوو، كە بە پێی بەڵگەنامەكانی ئەو ڕێككەوتننامەیە، عێراق ددانی بە خاكی كوردستاندا نا بەوەی كە كوردستان خاكی كوردانە و دەبێ سنوورێكی جوگرافییان بۆ دەستنیشان بكرێت".

یەكێك لە سەروەرییەكانی تری پارتی ئەوە بوو لە ساڵی ١٩٩١دا قەوارەیەكی نیمچەسەربەخۆی هێنایە دامەزراندن، لەو دەستكەوتەشدا پشكی شێر بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، كە ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی یەكەم حكوومەت و یەكەم كابینەی پەرلەمانی پێك بێن.

 

لە ڕووی ئابوورییەوە

 

پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە كار بۆ بووژاندنەوە و سەرخستنی كەرتی ئابووری دەكات، كەچی لە كاتی هاتنی داعش و كەمبوونەوەی بەهای پترۆڵ و هاتنی ژمارەیەكی زۆری ئاوارەكان، چەندین لایەنی كوردستانی لە بەرپرسیارەتی ڕایان كرد و پارتی ئەو بەرپرسیارەتییەی لە ئەستۆ گرت و هەمیشە پارتی لە بەرەی گەل بووە. پەیوەست بەمەش، كاوە عەبدلعەزیز، پسپۆڕی ئابووری و پترۆڵ دەڵێت: "لە كارنامەی پارتیدا خاڵی زۆر زۆر گرینگ هەن، لەوانەش ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، كە پێویستە گەلی كوردستان دەنگ بە لیستی ١٨٣ی پارتی بدەن بۆ ئەوەی پارتی بتوانێت پڕۆژەیاسای چاكسازی و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەرەو پێشتر ببات".

 

 

پێداچوونەوەیەكی میتۆدیانەی گشـتی بە ئابووریی كوردسـتاندا لەسـەر بنەمای زیادكردنــی جۆرەكانــی ســەرچاوەی داهــات و پشــتنەبەســتن بــە كەرتــی نــەوت بەتەنیـا. بووژاندنـەوەی كەرتەكانـی كشـتوكاڵ و پیشـەگەری و گەشـتیاری تـا ببنـە هاریـكاری كەرتـی نـەوت. هاندانـی سـەرمایەگوزاری و وەبەرهێنـان لـەو بوارانـەدا و دەرچوواندنـی هـەر یاسـا و ڕێسـایەك كـە بـۆ ئاسـانكاریی لـەو بوارانەدا پێویسـت بن، ئەمانە ئامانجی پارتین بۆ  ئیدارە و ئابووری و ڕیفۆرمی گشتی.

 

پارتی توانی ئەو ئابڵۆقە ئابوورییەی سەر هەرێم بشكێنێت و داعشیش لە ناو ببات و ئاوارەكان بە سەرفەرازی و لە ژێر ئەمنییەتێكی زۆردا لە باوەشی خۆی بگرێت، ئێستایش ئابووریی كوردستان بەرەو بووژانەوە چووە. عەبدولعەزیز، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "لە كارنامەی پارتیدا ئەوەیش هاتووە كە چیی تر نابێ داهاتی كوردستان یەك سەرچاوەی داهاتی هەبێت، ئەمەش شتێكی زۆر گرینگە".

 

هەر پارتی دیموكراتی كوردستانیش بوو توانی وەبەرهێنەرانی بیانی بهێنێتە هەرێمی كوردستان و ژێرخانی ئابووری لە كوردستان و ناوچەكەدا بەهێز بكات.

 

لە ڕووی سامانی سرووشتییەوە

 

ئێستا لە هەرێمی كوردستاندا چەندین كۆمپانیای جیهانی هەن بۆ دەرهێنان و گەڕان بە دوای نەوتدا،  سیاسەتی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانیش بە سەرۆكایەتیی پارتی، توانیویەتی چەندین ڕێككەوتنی جیهانی لە بواری نەوتدا واژۆ بكات، لەم ڕووشەوە كاوە عەبدلعەزیز گوتی: "یەكێك لەو كارە گرینگانەی كە پارتی لە پرۆسەی سەربەخۆییی ئابووریدا كردی، واژۆكردنی ئەو ڕێككەوتنانە بوو كە لەسەر پترۆڵ كردی و، ئێستاش بوونەتە هۆكاری ئەوەی كە پێگەی هەرێم پارێزراو بێت، چونكە كاتێك وڵاتێكی گەورە ڕێككەوتنێكی درێژخایەن دەكات، ڕێگە نادات بەرژەوەندییەكانی لەو ناوچەیەدا لە ژێر ‌هەڕەشەدا بن، ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی پێگەی كوردستانیش بەهێز بێت".

 

لە ڕووی كۆمەڵایەتی و ئایینییەوە

 

كوردستان وڵاتێكی فرەڕەنگە لە ڕووی ئایین و ئایینزا و نەتەوە و پێكهاتەوە، فەرهەنگی لێبووردەییی ئایینی و نەتەوەیی و پێكەوەژیانی ئاشتییانە، لە سیما گەش و و دێرینەكانی كۆمەڵگای كوردستانن، لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان پاراستنی ئەو كولتوورە سەنگینە بە ئەركی خۆی دەزانێت.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان بە درێژاییی مێژوو پشتیوانی لە پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە و نەیهێشتووە گرووپە توندڕۆكان ببەنە هەڕەشە لەسەریان، كە نەك تەنیا پێكهاتە ئایینییەكانی كوردستان، بگرە پێكهاتە و نەتەوەكانی باشووری عێراقیش چاویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و سەرۆك بارزانی و پارتیش هەمیشە پشتگیرییان كردوون. پەیوەست بەمەش، خەیری بۆزانی، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری ئێزدییان لە وەزارەتی ئەوقاف، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "پارتی هەمیشە پشتیوانی لە پێكهاتەكان كردووە و چەندین جار پارتی و بارزانی پشتگیریی تەواوی خۆیان بۆ پێكهاتە ئایینییەكان دەڕبڕیوە، بۆیەش پێكهاتەكان دەیانەوێت هەمیشە پارتی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، پێویستیشە بۆ پتەوكردن و بەهێزكردنی گیانی لێبووردەیی نێوان ئایینەكان، دەنگ بدەین بە لیستی ١٨٣ی پارتی، چونكە لە كارنامەی پارتیدا بە ڕوونی دیارە كە پشتیوانی لە پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان دەكات".

 

كــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار