عارف تەیفوور: خەڵک زۆر بە گەرمی پێشوازی لە لیستی پارتی دەکات

سلێمانی-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سلێمانی – ھەڵەبجە، گوتی، بانگەشە لە سنووری سلێمانی تا ئێستا زۆر بە گەرموگوڕی بەڕێوە دەچێت و گرفتیان نەبووە و خەڵکی سلێمانیش پێشوازییەکی گەرم لە لیستی پارتی دەکەن، بۆیە دەنگەکانی پارتی زیاد دەکات و سبەیش بڕیارە کەرنەڤاڵێکی گەورە بۆ سەرخستنی لیستی پارتی ساز بکرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ١٨٣ و بە دروشمی بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێز دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستانی کردووە و خەڵکی کوردستانیش بە ھەموو چین و توێژەکانەوە پێشوازی لە لیستی پارتی دەکەن و پشتگیریی خۆیانی بۆ دووپات دەکەنەوە.
عارف تەیفور، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، سلێمانی _ ھەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری پارێزگای سلێمانی بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ لیستی ١٨٣ی پارتی باش بەڕێوە دەچێت و ھیچ گرفتێکمان نییە و خەڵکیش زۆر بە گەرموگوڕی پێشوازی لە ئێمە دەکەن و پشتگیریی خۆیان بۆ ئێمە دووپات دەکەنەوە و ئێمەش بەردەوام سەردانی خەڵک و ماڵان دەکەین."
عارف تەیفوور گوتیشی: "بڕیارە ھەر سبەی بۆ بانگەشە بۆ لیستی پارتی و سەرخستنی ئەو لیستە کەرنەڤاڵێکی گەورە لە بارەگای ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بەشداریی ئەندامان و لایەنگرانی پارتی و خەڵکی سلێمانی بەڕێوە بچێت، بۆیە لەو کەرنەڤاڵەدا خەڵکێکی زۆر بەشداری دەکەن."
تەیفوور باسی لەوەش کرد: "ھەڵبژاردنی ئەم جارە لەبەر ئەوەی یەک بازنەییە ڕەنگە دەنگی ئێمە بۆ شوێنی دیکەش بچن، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی دەنگی پارتی لە سنووری سلێمانی زیاد دەکات، چونکە ئێمە لە ناو خەڵکین و دەزانین چەند بە گەرموگوڕی پێشوازی لە ئێمە دەکەن و خەڵکەکە زۆر ڕووی لە پارتییە و ئامادەیە دەنگ بدات بە پارتی، بۆیە بە پێی ھەموو پێوەرەکان دەنگی پارتی زیاد دەبن."
بڵند ئیبراھیم




