٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. بەشیر حەداد: سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ دوو مەبەست سەردانی كوردستانی كردووە

سەرچاوە: KDP.info

 

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق گوتی، سەردانی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق بۆ ھەرێمی كوردستان، بۆ دوو مەبەستە، یەكێك لەوانە ئەوەیە كە كورد لە وادەی خۆیدا كاندید بۆ سەرۆككۆمار دیاری بكات.

حەفتەی ڕابرد، پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەی كراوەی خۆی ئەنجام دا و تێیدا دەستەی نوێی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی دیاری كرد، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقیش ئەمڕۆ سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردووە و بڕیارە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا كۆ ببێتەوە.

سەبارەت بە سەردانی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ھەرێمی كوردستان، د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەردانی ھەرێمی كوردستانی كردووە و، بڕیاریشە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و سەرۆكی حكوومەت و لایەنەكاندا كۆ ببێتەوە".

د. بەشیر گوتیشی: "سەردانەكەی سەرۆكی پەرلەمان بۆ ھەرێمی كوردستان بۆ دوو مەبەستە، لەوانە پەیوەندی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان پتەو بێت و، لەلایەكی دیكەیشەوە لەگەڵ لایەنەكانی ھەرێمی كوردستان گفتوگۆ دەكات، بۆئەوەی ھەماھەنگی ھەبێت لە دیاریكردنی كاندید بۆ پۆستی سەرۆككۆمار و، پارێزگاری بكرێت لەو وادەیەی كە دیاری كراوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار