عەلی تەتەر: گەڕانەوە بۆ ڕیزەكانی پارتی بەردەوامە

زاخۆ-KDP.info- لە ماوەی چەند رۆژی ڕابردوودا، ژمارەیەكی زۆر گەنجی سنووری زاخۆ كە لایەنگری هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و لایەنەكانی دیكە بوون، پەیوەندییان بە ڕیزەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كرد.
بەرنامەی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ژێر درووشمی (بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز)، بەرنامەیەكی هەمەلایەنە و خەڵكی هەرێمی كوردستانیش هەر پارتی بە پارێزەری كوردستان دەزانن، بۆیە رۆژانە پەیوەندی بە ڕیزەكانییەوە دەكەن.
عەلی تەتەر، بەرپرسی لقی 8ـی پارتی لە زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری زاخۆ ماوەی چەند رۆژێكە لایەنەگرانی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی و لایەنەكانی دیكە دەستیان كردووە بە پەیوەندیكردن بە ریزەكانی پارتیمان و تا ئێستایش زیاتر لە هەزار كەسی تێپەڕ كردووە، هەروەها ڕۆژانەش ئەو گەڕانەوەیە بەردەوامە و سبەینێ و دووسبەی و رۆژانی داهاتوویش هەموو رۆژێك دیدارمان هەیە لەگەڵ چەند گرووپێك لەوانەی كە لەگەڵ هاوپەیمانی و هەروەها حیزبەكانی تریش بوون و دەگەڕێنەوە ناو ڕیزەكانی پارتیمان".
بەرپرسی لقی 8ـی پارتی دیموكراتی كوردستان لە زاخۆ، ئەوەشی گوت: "بەشی هەرەزۆری ئەوانەی دەگەڕێنەوە، گەنجن و هەر زوو بۆیان ئاشكرا بوو درووشمی بریقەداریان بە گوێدا دراوە، بۆیەش دەگەڕێنەوە ناو ڕیزەكانی پارتی، چونكە دەزانن تاكە حیزب خاوەن بڕیار بێت لە كوردستان و بڕیار لە بەرژەوەندیی ئەوان بدات و بەرگرییان لێ بكات و خزمەتیان بكات، پارتی دیموكراتی كوردستانە و هەر پارتییە دەتوانێت قوربانیی پێویست بدات بۆ پاراستنی سەروماڵ و ژیانیان".
ئەو هەروەها لەبارەی پشتیوانیی خەڵكی زاخۆ لە لیستی 183ی پارتی، گوتی: "گومان لەوەدا نییە زۆرترین رێژەی دەنگەكانی پارتی لە سنووری لقی 8ـە لە زاخۆ، كە 75 لە سەدی تێپەڕاندووە، بۆیە ئەمجارەش ورەی جەماوەر و لایەنگرانی پارتیمان لەوپەڕی بەرزی و بەهێزیدایە و، وای دەبینین لە هەڵبژاردنی ئەمجارەشدا لە 30-9، پارتی رێژەیەكی زۆرتر لە جاران دەنگ بەدەست دێنێت".
نەشوان بەرزنجی




