٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی نیووزیله‌ندا کرد

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  نێچیرڤان بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی نیووزیله‌ندا  كرد  و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی نیووزیله‌ندا  ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر و دابینكردنی ئاسایش و خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆیان.

نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 20/9/2018  نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له‌ برادلی سویدن باڵیۆزی نیووزیله‌ندا له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكدا سویدن ده‌رباره‌ی به‌شداریی وڵاته‌كه‌ی له‌ بواری مه‌شق و ڕاهێناندا له‌ شه‌ڕی دژی داعش و‌ پرۆسه‌ی تێكشكاندنی له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ و ئه‌نجامه‌كانی و هه‌وڵه‌كان بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی ژیانی خه‌ڵك دوای شه‌ڕه‌كه‌ و ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی ئێستا له‌سه‌ر سه‌قامگیریی هه‌یه‌، پوخته‌یه‌كی خسته‌ ڕوو. ستایشی هه‌وڵه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ پێشوازیكردن له‌ ژماره‌یه‌كی زۆری ئاواره‌ و په‌نابه‌رانی ده‌ستی تیرۆر و دابینكردنی ئاسایش و خزمه‌تگوزاریی پێویست بۆیان.
لای خۆیه‌وه‌  نێچیرڤان بارزانى سوپاسی هاوكارییه‌كانی نیووزیله‌ندای له‌ شه‌ڕی دژی داعشدا له‌ عێراق كرد و ئاماژه‌ی به‌ پێویستیی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش له‌ڕووی هزرییه‌وه‌، دابینكردنی ئاسایش، خزمه‌تگوزاریی سه‌ره‌تایی، ده‌رفه‌تی كار و ئاوه‌دانكردنه‌وه،  به‌ره‌وپێشبردنی‌ بواره‌كانی ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ڕۆشنبیری كرد. به‌ڕێزیان پوخته‌یه‌كیشی ده‌رباره‌ی پرۆسه‌ی سیاسیی عێراق و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان تیایدا پێشكه‌ش كرد و پێویستیی سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونه‌كانى ڕابردوو و پێكه‌وه‌كاركردن و سه‌قامگیری، دووپات كرده‌وه‌.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌ركۆمار و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت به‌ به‌شداریی هه‌موو پێكهاته‌كان، گرنگیدان به‌ داخوازییه‌كانی هاووڵاتیان، پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان و هاوكاری و پشتگیریی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق و هه‌رێمی كوردستان، تاوتوو كران.

هەواڵی پەیوەندیدار