كەركووك.. پۆلیس و حەشد دەستیان بە دەستگیركردنی گەنجانی كورد كردووە

كەركووك-KDP.info- ھێزەكانی پۆلیسی فیدڕاڵی، لە سنووری دەوروبەری كەركووك ماوەیەكە دەستیان بە دەستگیركردنی گەنجانی كورد كردووە. نوێنەرێكی كەركووكیش دەڵێ، لە دوو رۆژی رابردوودا ژمارەیەك گەنجی كورد دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر، ئینجا ئازاد كراون.
شاخەوان عەبدوڵڵا، نوێنەری پێشووی كەركووك لە پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند: "ماوەیەكە پۆلیسی فیدڕاڵی و ھێزەكانی حەشدی شەعبی لە سنووری پارێزگای كەركووك دەستیان بە دەستگیركردنی گەنجانی كورد كردووە، كە تۆمەتی بێبنەما بۆ گەنجان ھەڵدەبەستن و دوای ئەشكەنجەدانیان ئازادیان دەكەن، ئەمەیش ئەو راستییەمان بۆ دەردەخات كە كەركووك بۆ كورد ناوچەیەكی داگیركراوی قەدەغەكراوە و ئەو ھێزانەی لە كەركووكن، بە ئارەزووی خۆیان رەفتار دەكەن".
شاخەوان عەبدوڵڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "بەر لە چەند رۆژێك ژمارەیەكی دیكەی گەنجانی ئێمە لە سنووری دەوروبەری كەركووك دەستگیر كراون و دوای ئەشكەنجەدانێكی زۆر، ئازاد كراون، بە داخەوە ماوەی دوو مانگێك دەبێت دەستگیركردنی گەنجانی كورد زۆر زیادی كردووە، چونكە پێشتر ژمارەیەك كورد بە بێ ھیچ تۆمەتێك لە گوندی حەفتەغار دەستگیر كرابوون".
وەك عەبدوڵڵا گوتی: "پڕۆسەی عەرەباندن و بەشیعەكردنی كەركووك بەردەوامە و، ماوەیەكە ھێنانی خەڵكی عەرەبی شۆڤێنی بۆ سەر موڵكی كورد دەستی پێ كردووتەوە، تا ئەو ھێزانەیش لە كەركووك بمێنن، پڕۆسەی عەرەباندن بەردەوامی دەبێت، چونكە ئەو ھێزانەی لە كەركووكن، دەست لە ھیچ ناپارێزن".
قائید میرۆ




