٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. چواس: پارتی ڕەھەندێکی زۆری نیشتمانی و پێشکەوتنی سیاسیشی بۆ گەلی کورد ھەیە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پسپۆڕێکی سیاسی دەڵێت، پارتی ھەرچەندە لە بانگەشە و بەرنامەکانیدا ھەمیشە ڕەھەندی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنی ھەیە، ڕەھەندێکی زۆری نیشتمانی و پێشکەوتنی سیاسیشی بۆ گەلی کورد ھەیە. بۆیەش دانانی دەستووری خستووەتە بەرنامەی کاری و گرنگییەکی زۆری پێ داوە و بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی دەزانێت.

پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ھەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەرنامەیەکی کاری داناوە کە لە (١٠) خاڵ پێکھاتووە. لە خاڵی یەکەم و لە بڕگەی شەشەمدا باس لە نووسینەوەی دەستوورێکی کوردستانیی ھاوچەرخ دەکات, کە ببێتە مەرجەعی چارەی گرفتەکان و گرێبەستێکی سیاسی کۆمەڵایەتی, کە مافی ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان دەستنیشان و دابین بکات. پێوەست بەو بڕگەیە, د. چواس حەسەن، مامۆستای زانکۆ و پسپۆڕی سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ھەرچەندە لە بانگەشە و بەرنامەکانیدا ھەمیشە ڕەھەندی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنی ھەیە، ڕەھەندێکی زۆری نیشتمانی و پێشکەوتنی سیاسیشی بۆ گەلی کورد ھەیە. بۆیەش دانانی دەستووری خستووەتە بەرنامەی کارەکەیەوە و گرنگییەکی زۆری پێ داوە و بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی دەزانێت."


ساڵی ٢٠٠٩ پڕۆژەیەکی دەستووری ھەبوو لە پەرلەمان و دواتر لیژنەیەکی بۆ پێکھێندرا و ھەندێک لە بەندەکانیان نووسییەوە، بەڵام تەواو نەکرا بە ھۆی کێشە و گرفتە سیاسییەکانی ناوخۆی ئەوکاتی ھەرێم. لێرەدا ئەو پسپۆڕە سیاسییە ئاماژە بەوە دەکات: "ھەرێمی کوردستان کە لە ناو وڵاتێکی فیدراڵیدایە ھەقی ئەوەی ھەیە دەستوورێکی تایبەت بە خۆی ھەبێت. ڕاستە ئێمە لە ساڵی ١٩٩١ـەوە چەند یاسایەکی دەستووریمان ھەیە و ھەرێمی پێ بەڕێوە دەبەین, بەڵام پێویستە ئێمە دەستوورمان ھەبێت بۆ ئەوەی زۆرینەیەکی پەرلەمانی نەتوانێت بە دڵی خۆی یاساکان دەستکاری بکات. بۆیە ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر دڵنیایی و بۆ سەقامگیری و یەکڕیزیی ﻻیەنەکان دەبێ دەستوورمان ھەبێت."

بۆ ھۆی نەبوونی دەستوور لە ھەرێم، لە چەند قۆناخێکدا ھەندێک حزب و ﻻیەن خیانەتیان لە خەڵک و خاکی ھەرێم کردووە و دەستوورێک نەبووە سزایان بدات. ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر بە نموونە. لێرەدا د. چواس حەسەن دەڵێت: "بوونی دەستوور ئاستێکی بەرزتری دیموکراسی و دامەزراوەییە. کاتێک تۆ بتەوێت بەشێکی ئەو دەستوورەش بگۆڕیت، دەبێ سێ لەسەر چوار، یان دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران دەنگی بۆ بدەن, یان دەبێ ئەو دەستوورە کە دەستکاری دەکرێت بخرێتە ڕیفڕاندۆمەوە بۆ ئەوەی خەڵک دەنگی لەسەر بدات. لەم کاتەشدا جۆرێک لە سەقامگیریی سیاسی دروست دەبێت و ھیچ ھێزێک ناتوانێت بە ئاسانی و بە میزاجی خۆی دەستکاریی دەقە دەستوورییەکان بکات."


د. چواس حەسەن جەختیشی کردەوە: "دەستوور، یاسا و ڕێسا و پیرۆزی و سیاسەت و سنوورەکانی ھەرێم تۆکمەتر دەکات، دەبێتە سەکۆیەک کە پیرۆزی و یەکپارچەییی ھەرێم بە شێوەیەکی کۆنکرێتی دەپارێزێت. ھەرکەسێکیش دەست بۆ پیرۆزی و سەروەرییەکانی ھەرێم ببات ناتوانێت لە پەنای سیاسەتی حزبی و گوفتاردا بیانشارێتەوە، ئەوکات دەچێتە خانەی زێدەڕۆیی و لە یاسادەرچون و پێشێلکردنی دەستوور و ھێڵە سوورەکان دەبەزێت. ئەودەم بە گوێرەی ئەو دەستوورە سزای ئەو کەس و ﻻیەنانە دەدرێت کە ئێستا بە ئارەزووی خۆیان سیاسەت دادەڕێژن. ئێستا ھەندێک حزبمان ھەن کە دان بە پیرۆزییەکانی ھەرێمدا نانێن, بۆ نموونە "سروودی ئەی ڕەقیب", یان پێشمەرگە بە میلیشیا ناو دەبەن و چەندان بابەتی تر، بەڵام ئەودەم ناتوانن ئاوا مامەڵە لەگەڵ پیرۆزییەکانی ھەرێم بکەن و دەستوور سزایان دەدات."

سەرباز واحد

 

هەواڵی پەیوەندیدار