فازڵ میرانی: ئەگەر لەگەڵ یەکێتی ڕێک نەکەوین کاندیدی جیاوازمان بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەبێت

هەولێر-KDP.info- فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، باس لە دواپێشهاتی دوو لایەنە سەرەکییە کوردییەکە(پارتی و یەکێتی) دەکات لەگەڵ لایەنە عیراقییەکان و، دەڵێت، سەرباری هەبوونی گوشاری هەرێمی و نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی کورد بچێتە پاڵ یەکێک لە دوو هاوپەیمانییە گەورە عیراقییەکە، بەڵام چونکە نەیانەویستووە بچنە ناو ئەو ململانێیەی نێوان لایەنە عیراقییەکان، "ئێستا ئێـمە قازانجمان کرد."
لە وتوێژیدا لەگەڵ بەشی کوردیی ڕادیۆی دەنگی ئەمەریکا، لە وەڵامی پرسیارێکدا گوایە (میرانی) یەکێکە لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆماری عیراق، فازڵ میرانی دەڵێت "لە حیزبەوە تا ئەم ساتە هیچ بە من نەوتراوە. تەنانەت سی ڤیم ئامادە نەکردووە ئەو پۆستە لە خەیاڵێشمدا نەبووە"، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتووشیەتی تا ئەو دەقەیەی قسەی بۆ کردوون نەیزانیوە کەس لە نێو پارتیدا کاندید کرابێ.
میرانی نایشارێتەوە کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش بە گوێی یەکێتییاندا چپاندووە کە پارتی پۆستی سەرۆککۆماری دەوێ و، دەشڵێ "بە بۆچوونی من برادەرانی یەکێتی بە جیددییان وەرنەگرت، وایانزانی ئێـمە وەک (معامەلە)یەک ئەم قسەیە دەکەین، هیوادارم ئەوە ڕوونەدات، بەڵام ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێک نەکەوتن لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار ئەوا دوو کاندیدی جیاوازمان دەبێت، کە ئەمەش جوان نییە بۆ کورد لە بەغدا خەڵکی تر کاندیدێکمان بۆ دیاری بکات."
هەروەها باس لە کاندیدەکەیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عیراق دەکات و دەڵێت، "ئەگەر ئێمـە ئەو کاندیدەمان نەبوایە ئەوا کەسێک لەسەر حیسابی کورد ئەو پۆستەی وەردەگرت بە دوو کورسییەوە کە ئەوە نە مافە نە ویژدانیە، بەڵکو ئەوە مافی دوو هێزی گەورە و حکومڕانی وەک پارتی و یەکێتییە."
پۆستی سەرۆکی کۆمار تەنیا موخەسسەسات نییە
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار بێت ئەو پۆستەی بە دەست هێنا چ بەرنامەیەکی هەیە؟ میرانی وتی" (لکل حادث حدیث) بەڵام ئەگەر من ببمە سەرۆککۆمار هەرچی دەستووری بێت بێ سێودوو ئەوە دەکەم، لەوێ دانانیشم بە تەنها "موخەسەسات" وەربگرم، پارێزەری دەستوور و مافی کورد دەبم، هەر گوشارێک لە کورد کرا، بێدەنگ لەوێ دانانیشم. یا بۆ نموونە ئەو ڕیفراندۆمەی کرا گوشار لە کورد کرا لەوێ دەستم لەکاردەکێشایەوە و دەهاتمەوە هەولێر، پڕۆژەیاسا بۆ پەرلەمان بەپێی دەستوور دەنێرم، دەسەڵاتەکانی خۆم پەیڕەو دەکەم، چونکە دەسەڵات لە عیراق بریتییە لە سەرۆکایەتیی کۆمار و حکوومەت و داد، نەک دانیشم خۆم کەنار بگرم و بڵێم لای من خۆشە حەقی هیچم نییە، من ئەو سەرۆکایەتیی کۆمارە ناکەم."
گفتوگۆکانی کورد لەبەغداد
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لە گفتوگۆی هەردوو لایەنی سەرەکیی کوردستانی (پارتی و یەکێتی) کرد لە بەغدا و ڕایگەیاند "ئێمە و یەکێتی پڕۆژەیەکی هاوبەشمان بردە بەغدا، حەزمان دەکرد ئەو پڕۆژەیە هیی هەموو لایەنەکان بێت، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی لە پێشووتر بەڵێنم دابوو لە چاوپێکەوتنەکەی دەنگی ئەمریکا کە بچینە لای هەموو لایەنەکان، ئەوکاتەی برادەرانی ئێـمە چووین نەمویست تێلفۆنتان بۆ بکەمەوە بڵێم ئەوە بەڵێنەکەمان جێبەجێ کرد، بەڵام چووین و ئەوان نەهاتن. لەم پڕۆژەیە کە پڕۆژەکە بۆ عیراق و کوردستانە نەهاتن لەگەڵمان بن، داوامان لەلایەنە عیراقییەکان کرد کە بگەڕێنەوە سەر شێوەی کارکردنی جاران، مافی پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی و شەهیدەکانمان لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتی عیراق بێت، خۆشبەختانە ئەو لیستانەی گەورەن لە بەغدا لەبارەی داواکارییەکانی کوردەوە دەڵێن شتی واتان داوا نەکردووە کە بە ئێـمە نەکرێت، هەموو داواکارییەکانتان دەستوورین و لە جێی خۆیدان."
سەبارەت بەوەی ئەی بۆچی تا ئێستا لایەنە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن لەگەڵ یەکێک لە دوو هاوپەیمانییە گەورەکەی کە پێکهێنراوە؟
فازڵ میرانی گوتی "خۆی ئەو دوو جەمسەرەی هەیە دوو جەمسەری عیراقین، ئێـمە نەماندەویست ببینە جەمسەری شیعە دژی لایەکەی تری شیعە، وەک کردارێکی بیرکاری لێکمان دایەوە، بۆمان دەرکەوت ئەمانە زۆرینەی شیعە یا سوننە نین، ناکۆکی لەنێوان شیعەکان خۆیان هەیە، ئەگەر ببوینایە تەرەفی هەر لایەک نە بۆ عیراق نە بۆ کورد باش نەبوو، هەتا بۆ داهاتوویش ئەگەر ناکۆکی نێوان شیعەکان توند بێتەوە، بێگومان کاریگەری لەسەر هاوپەیمانەکانیشیان دەبوو؛ بۆیە نەمانویست ببینە لایەنێک لەو ناکۆکیانەی نێوان عیراقییەکان نەک باسی جەمسەری ئێرانی و ئەمریکایی بێت."
میرانی ڕەتی دەکاتەوە بۆ کورد وەک نەتەوە تێپەڕبوونی کات زیان بە داواکارییەکانیان بگەیەنێت بۆ بەشدارییان لە حکوومەتی داهاتووی عیراق، لەو ڕووەوە گوتی "کورد دووەم نەتەوەی عیراقە، لایەنێکی سیاسی نییە بتوانرێت حکوومەتی عیراقی بەبێ ئەو پێکبهێنێت، بەڵکو ئێمـە میللەتی دووەمین لە عیراقدا، بە پێچەوانەوە ئاسان نییە حکوومەتی عیراق بەبێ کورد پێکبێت، چونکە ناتوانێت عیراق بەبێ یەکێک لە سێکوچکەکە کە کوچکەی سوننە و شیعە و کوردە، پێکبێت، هەر کوچکێک لەمانە (غائیب) بێت ناتوانرێت دوو کوچکەکەی تر وڵات ڕابگرنەوە، وڵات (ئیستقرار) نابێت. ئێستا بێئەوەی ئێـمە ببینە تەرەفی ئەو ناکۆکییەی نێوان لایەنە عیراقییەکان، خەریکە کێشەکان بەرەو چارەسەر دەڕۆن، لەکاتێکداهەردوو هاوپەیمانیە گەورەکەی ئێستا پیکهاتوون لە ئێمە مەمنوون بوون، چونکە هەریەکەیان نەیدەویست بچینە لای ئەوی تر و خۆی زۆرینە بمێنێتەوە، ئێـمە ئەوەمان نەکرد ئێستا ئێمـە قازانجمان کرد."
کوردی ئەمڕۆ هیی پێشووتر نییە
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو "لە ئێستادا جۆرێک لە ڕێککەوتن هەیە لەنێوان (فەتح-سائیرون-بەشێک لە سوننە، زۆرینەی کورد(ئێمە و یەکێتی) بە نیازین (فەزایەکی نیشتمانی) دروست بکەین، چونکە کە ئەم (فەزایە)مان دروست کردەوە نەک لیستی گەورە چونکە ئەگەر لیستی گەورە بێت دواتر لە ناو پەرلەمان دووبارە پێویستمان بە (50+1) دەبێت بۆ دەنگدان بە کاندیدی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عیراق."
گوتیشی "کوردی ئەمڕۆ هیی پێشووتر نییە، کە وەک کابینەی پێشوو هێشتا برادەرانی ئێمـە لە سلێمانی لە کۆبوونەوە بوون ئەمریکا کابینەکەی پێکهێنا و ڕاگەیەنرا، ئەگەر ئەمجارە هەرلایەک بییەوێت ئەو زۆرینەیە بەو شێوەیە پێکبێت، ئەوا گوزارشت لە خۆی دەکات نەک لە عیراقییەکان".
لەبارەی گوشاری لایەنە دەرەکی و هەرێمییەکان لەسەر لایەنە کوردییەکان بۆ ئەوەی بەشداریی لە یەکێک لە هاوپەیمانێتیەکان بکەن؟ فازڵ میرانی کە ئەندامی شاندی دانوستانکاری کوردە لە بەغداد گوتی "کورد بە درێژاییی مێژوو بە هۆکاری نێودەوڵەتی و هەرێمی لەژێر گوشاردا بووە، چونکە هۆکاری دۆخی جێگیری ناوچەکە بووە، بۆ ئەمجارەش لەژێر هەم گوشاری نێودەوڵەتی هەم گوشاری هەرێمی بووین، بەڵام نەکەوتینە ژێر کاریگەریی هیچ کام لەو گوشارانە، نەبووینە بەشێک لە هاوپەیمانێتی تا بکەوینە ژێر گوشاری لایەنێک، بەڵام ئاگری لایەکی تر لە خۆمان بەربدەین، ئێستایش بینیمان لێرەدا کورد قازانجی کرد."
گوتیشی "بە بڕوای من گوشارەکە زیاتر لەسەر عیراق بوو، لەناو سوننە ناکۆکی لەسەر پۆستی سەرۆک پەرلەمان هەبوو، لەناو کوردی بەدبەختیش ناکۆکی لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار، لەناو شیعەش ناکۆکییەکە لەسەر پۆستی سەرۆکوەزیرانە؛ ئەوەی سوننە چارەسەر بوو، هیی شیعەش وا بەرەو چارەسەر دەڕوات، هیی کوردیش ماوە."
هەروەها دەڵێ "ئێـمە چووینە لای لایەنەکان داوای کۆبوونەوەی شەشقۆڵیمان کرد، بەڵام ئەوان نەهاتن ئێـمە دەمانەوێت هاوپەیمانێتییەکی کوردی پێکبهێنین، چونکە تا یەکگرتوو بین، سەنگ و قورساییمان زیاتر دەبێت."
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەتیشی کردەوە کورد ببێتە ئۆپۆزسیۆن لە حکوومەتی داهاتووی عیراقدا و ڕایگەیاند "ئێـمە وەک پارتی و یەکێتی بەرپرسیارێتیی میللەتێکمان لەملدایە، ئەو بەرپرسیارێتییە بە ئۆپۆزسیۆنبوون جێبەجێ نابێت، میللەتێک نابێتە ئۆپۆزسیۆن ئێمە بە تەنها حیزبی سیاسی نین."
میرانی پێشبینیش دەکات کە تا ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەر حکومەتی نوێی عیراق پێکبهێنرێت.
"نە مافە نە ویژدانییە لیستێک لەسەر حیسابی کورد بە دوو کورسییەوە پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان وەربگرێت"
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی کوردەکان کاندیدێکی هاوبەشیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەبوو، لە دواتردا پارتی، یەکێتی تۆمەتبار کرد کە پەرلەمانتارەکانی دەنگیان بە کاندیدەکەی نەدا لە جاری یەکەمدا؟ فازڵ میرانی گوتی "لەبەر ئەوەی برادەرانی یەکێتی چاویان لەسەر پۆستی سەرۆککۆماری عیراق بوو، کاندیدییان بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان نەبوو، ئێمە بۆیە کاندیدمان دانا، نەدەکرا کەسێک لەسەر حیسابی کورد بە دوو کورسییەوە ئەو پۆستە وەربگرێت، هەرچەندە ئەمە مانای ئەوە نییە لە نرخی ئەو برادەرانە دابەزێنیین، بەڵام ئێمە و یەکێتی دوو حیزبی گەورە و حکومڕانین، ئەو پۆستە مافی ئێـمەیە نەک کەسێک و لیستێک بە دووکورسییەوە، ئەوە ویژادانییش نییە. ئەگەر برادەرانی یەکێتی بۆ ئەو پۆستە کاندیدیان هەبوایە، بێگومان ئێمـە کاندیدمان نەدەبوو."
پۆستی سەرۆککۆماری عیراق لەنێوان پارتی و یەکێتی، ئایا فازڵ میرانی لەبارەی کاندیدکردنییەوە چی دەڵێت؟
دەربارەی پۆستی سەرۆککۆماری عیراق، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "هیواخوازم ئێـمە و یەکێتی لەسەر یەک کاندید وەک خوولەکانی پێشوو ڕێک بکەوین، چونکە ئێمە بە برادەرانی یەکێتیمان وتووە، سێ خوولە ئەو پۆستە بۆ ئێوەیە با ئەمجارەش ئەو پۆستە بۆ کاندیدێکی پارتی بێت، ئەگەر ڕێک نەکەوین کە من ناخوازم ئەوە ڕوو بدات، ئەوا ئێـمە و یەکێتی دەبێت هەریەکەمان کاندیدی خۆی بهاوێژێتە ناو پەرلەمان بۆ بەردەم موقەدەری شیعە و سوننە کە بزانین دەنگ بە کێ دەدەین ئەویان ببێتە سەرۆککۆمار، کە من خۆم وەک فازڵ هیوادارم ئەوە ڕوو نەدات."
سەبارەت بەوەی پارتی چەند کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار هەیە؟ فازل میرانی دەڵێ "ئەگەر ڕاستگۆ بم لەگەڵتان "بە گۆڕی مەلا مستەفا" تا ئەم دەقەیە نازانم."
دەربارەی ئەوەی کە خۆی یەکێکە لە کاندیدەکان؟ میرانی گوتی "ناوی خۆمم لە ڕاگەیاندنە عەرەبییەکانەوە بیستووە، ناوی من لەگەڵ هەریەک لە هۆشیار زێباری و د.فوئاد حوسێن کەوتووەتە ناوان، بەڵام نە کەس بە منی وتووە و نە سیڤییم ئامادە کردووە، تەنانەت بیرم لێ نەکردۆتەوە، خەیاڵیشم بۆی نەکردۆتەوە چی بکەم و نەیکەم؟"
هەروەها گوتی "تەنانەت لە ناوخۆی حیزبیش باس نەکراوە، نە جەنابی سەرۆک نە کەس پێی نەوتووم تۆ یەکێکی لە کاندیدەکانی پۆستی سەرۆککۆماری عیراق، بەڵام هێشتا نزیکەی پانزە ڕۆژێکمان ماوە، من لەگەڵ ئەوە نیم یەکێتی زیاتر لە کاندیدێکی هەبێت، باشترە یەک کاندیدی هەبێت هەتا لەگەڵ ئەوەش نیم ئەگەر مەجبوور نەبین ئێـمە و یەکێتی دوو کاندیدی جیاوازمان هەبێت، هیوادارم وەک جاران ڕێک بکەوین لەسەر یەک کاندیدی هاوبەش. ئەمە بۆ سەنگی کوردیش گرنگترە."
فازڵ میرانی وتیشی "لای من گرنگترە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی کوردستان هەوڵ دەین وەک پارتی زۆرینە ببینەوە، ئەوە لای من لە پۆستی سەرۆککۆماری عیراق گرنگترە."
سەبارەت بەوەی چۆن دەوترێت پارتی لە بەرامبەر پۆستی سەرۆککۆمار داوای پۆستی پارێزگاری کەرکووک دەکات؟ فازڵ میرانی گوتی "کەرکووک پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقەوە نییە، ئێـمە و برادەرانی یەکێتی لیژنەیەکی هاوبەشمان بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی کەرکووک داناوە، ئەگەر حکوومەتی عیراق دۆخی کەرکووکی ئاسایی کردەوە، ئەوا ئێـمە و برادەرانی یەکێتی لەسەر پارێزگارێکی کورد دەگەینە ڕێککەوتن، ئەوە بە گرفتێک نازانین."
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر کاندیدی پۆستی سەرۆککۆمار بێت ئەو پۆستەی بە دەست هێنا چ بەرنامەیەکی هەیە؟ میرانی گوتی "(لکل حادث حدیث)؛ بەڵام ئەگەر من ببمە سەرۆککۆمار هەرچیی دەستووری بێت بێ سێودوو ئەوە دەکەم، لەوێ دانانیشم بەتەنها "موخەسەسات" وەربگرم، پارێزەری دەستوور و مافی کورد دەبم، هەر گوشارێک لە کورد کرا، بێدەنگ لەوێ دانانیشم، یا بۆ نموونە ئەو ڕیفراندۆمەی کرا گوشار لە کورد کرا لەوێ دەستم لە کار دەکێشایەوە و دەهاتمەوە هەولێر. پڕۆژەیاسا بۆ پەرلەمان بەپێی دەستوور دەنێرم، دەسەڵاتەکانی خۆم پەیڕەو دەکەم، چونکە دەسەڵات لە عیراق بریتییە لە سەرۆکایەتیی کۆمار و حکوومەت و داد، نەک دانیشم خۆم کەنار بگرم و بڵێم لای من خۆشە حەقی هیچم نییە، من ئەو سەرۆکایەتیی کۆمارە ناکەم."
بە گوێی برادەرانی یەکێتیماندا چرپاندووە
فازڵ میرانی گوتیشی "ئێمە پێشتر لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمارەوە بە گوێی برادەرانی یەکێتیماندا چرپاند، کە ئەمجارە ئێـمە کاندیدمان دەبێت، بەڵام ڕای من وایە ئەوان پێشتر نەیاندەزانی ئێـمە بە جیددیمانە، وای بۆدەچوون ئەمە تەنها مامەڵەیەکە "معامەلەیەکە". دیسانەوە من هیوادارم ئەوە ڕوو نەدات کە پارتی و یەکێتی ڕێک نەکەون لەسەر کاندیدێک، چونکە ئەوکات دەبێت پارتی و یەکێتی بەجیا کاندیدیان هەبێت، ئەوەش "حەڵاڵێکی مەکروهە" جوان نییە بۆ کورد خەڵکی تر کاندیدی بۆ یەکلایی بکاتەوە و زیاتر لە کاندیدێکی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عیراق."
دەربارەی ئەو کاندیدە کوردانەی لە دەرەوەی پارتی و یەکێتی بە نیازی خۆکاندیدکردنن؟ فازڵ میرانی گوتی "لە عیراقدا عورفێک هەیە، ئەویش سێ پۆستە سیادییەکە کاندیدەکانیان لە سێ پێکهاتەکە زۆرینەکە دەبێت، کابرایەک بەتاقی تەنها ناتوانێت بچێت خۆی کاندید بکات، چونکە ئەو ڕێککەوتنەی لەنێوان لایەنە عیراقییەکان و کورددا هەیە، لایەنە عیراقییەکان بۆ کەسێک تێکی نادەن، چونکە خودی کەسەکە ڕێککەوتنی کوردی لەسەر نەبێت، چۆن هیی عیراقییەکانی لەسەر دەبێت؟ جا کەوابێت سبەی شیعەش دەتوانێت کەسێکی سوننە لە بەسرەوە بهێنێت بیکاتە کاندیدی سوننە بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان، لەناو عیراقدا ئەو تێگەیشتنە هێشتا ماوە کە ڕێککەوتنی پێکهاتەکان خۆیان لەسەری نەبوون دەنگی پێنادرێت."
گوتیشی "من بڕوام نییە یەکێتی دکتۆر بەرهەم کاندید بکاتەوە، چونکە یەکێتی ناکۆکیی هەیە کە بچێتەوە ناو یەکێتی، باشە ئەگەر بچێتەوە ناو یەکێتی ئەی ئەو ئیسلامیانەی لەگەڵیدا بوون (کاک محەممەد ڕەئووف و کاک ئارام قادر) بۆ کوێ دەچن؟ ئنجا دوای ئەوە ئەو هۆکارانەی وای لە دکتۆر بەرهەم کرد یەکێتی بەجێ بهێڵێت، هۆکارەکان چاک بوون و نەماون یا خۆی چاک بووە؟ چونکە ئێـمە ئەگەر وتەکانی کاک بەرهەم بهێنینەوە کە دەیوت بۆ حورمەتی خۆم و ئەخلاقی خۆم ناگەڕێمەوە، ئەمە بابەتی گەندەڵییە، ئەمە بابەتی موناقەشەیە، یا بڵێین بۆ پۆستی سەرۆککۆمار دەچێتەوە ناو یەکێتی؟ یا بۆ یەکێتی دەچێتەوە ناو یەکێتی؟ ئەمە بابەتی برادەرانی یەکێتییە؟ سەبارەت بەوەی ئیمە پشتگیری دەکەین، ئەوە دەکەوێتە سەر ڕێککەوتنی نێوان ئێمـە و یەکێتی، هیوادارین ئەوە ڕوو نەدات."




