پێشمەرگە؛ دەنگمان بۆ لیستی ١٨٣ی پارتییە

كوردستان-KDP.info- پێشمەرگە قارەمانەكان دەڵێن، پارتی هەردەم خۆی لە پێشمەرگە كردووەتە خاوەن، ئەگەر پارتی نەبێت كوردستان و پێشمەرگەش نابێت. پارتی بەردەوام كار دەكات بۆ دابینكردنی مافەكانی پێشمەرگە، تاكە لیست كە بتوانێت ژیان و گوزەرانی ئێمە بەرز بكاتەوە بە جۆرێك كە لەگەڵ پیرۆزیی ئەركەكەمان بگونجێت، لیستی پارتییە، ئەوە لە بەرنامەكەشیدا هاتووە، بۆیە دەنگی ئێمەی پێشمەرگە تەنیا بۆ ئەو لیستەیە.
لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان خزمەتی پێشمەرگەی پارێزەری كوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی سەربەزر و ئەنفالكراوان بە شەرەفێكی مەزن و شانازییەكی بێوێنە دەزانێت، بۆیە لە بەرنامەی چوار ساڵی ئایندەدا هاتووە كار دەكات بۆ تەواوكردنی پرۆسەی یەكگرتنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە لەشكرێكی نیشتمانیی بەهێز و پڕمەشق و پڕچەكدا بە لادانی ئاستەنگە دروستكراوەكانی بەردەمی، هەروەها كار دەكات بۆ وەرگرتنەوەی ماف و بەركەوت و شایستە زەوتكراوەكانی پێشمەرگە لە حكوومەتی فیدراڵی و بەرزركردنەوەی ئاستی ژیان و گوزەرانی خۆیان و خانەوادەكانیان بە جۆرێك كە لەگەڵ پیرۆزیی ئەركەكەیان بگونجێت.
جادر زراری، موقەدەم لە میحوەری چیای زەردك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "پارتی هەردەم خۆی لە پێشمەرگە كردووەتە خاوەن، ئەگەر پارتی نەبێت كوردستان و پێشمەرگەش نابێت، بەڵام سەرۆكی پارتی، سەرۆك بارزانی، خۆی پێشمەرگەیە، بۆیە دەزانێت پێشمەرگە چەند بەرز و بەڕێزە، ئەوەیشی پارتی بۆ خۆشگوزەرانی و ژیانی پێشمەرگە دەیكات، هیچ حزب و لایەنێكی دیكە نایكات، بۆیە ڕۆژی 30/9 دەنگی ئێمەی پێشمەرگە بۆ لیستی 183ی پارتییە."
نەقیب كەمال، پێشمەرگە لە سحێلا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئەوەی پێشمەرگەی پارتی و بارزانی لە سحێلا و پردێ كردیان، هیچ كەس و لایەنێكی دیكە ئەوەی نەكردووە، ئەگەر پارتی و سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئێستا كەسانی دیكە لە هەولێر حوكمیان دەكرد، بەڵام ئێمە وەكو پێشمەرگە ئازاكانی پارتی توانیمان هەم داعش لەناو ببەین، هەمیش حەشدی شەعبی، بۆ ئەوەی زیاتر كوردستان ئارام بێت و كەس نەتوانێت جارێكی دیكە دەست بۆ كوردستان درێژ بكاتەوە، دەبێ پارتی و سەرۆك بارزانی سەركەون."
پێشمەرگە نێچیرڤان غەفوور، لە میحوەری مەخموور، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "پارتی بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو چین و توێژەكانی كردووە، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەكان، بەردەوام كار دەكات بۆ ئەوەی هێزی پێشمەرگە یەك بگرێتەوە، هەروەها بەردەوام كار دەكات بۆ دابینكردنی مافەكانی پێشمەرگە، ئێمەی پێشمەرگەش تەنیا ئەوەمان دەوێت بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر خزمەتی كورد و كوردستان بكەین، بۆ ئەوەش دەنگی ئێمە بۆ لیستی 183ی پارتییە."
هەوار شێروانی، ئەویش كە پێشمەرگەیەكی دیكەیە لە میحوەری مەخموور بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ئاشكرا كرد: "تاكە لیست كە بتوانێت ئاستی ژیان و گوزەرانی ئێمە بەرز بكاتەوە بە جۆرێك كە لەگەڵ پیرۆزیی ئەركەكەمان بگونجێت، لیستی پارتییە، ئەوە لە بەرنامەكەشیدا هاتووە، بۆیە دەنگی ئێمەش تەنیا بۆ ئەو لیستەیە".
ڕابین شێروانی




