لاوانی پارتی و لاوانی ئاكپارتی كۆ بوونەوە

باكۆ-KDP.info- لە میانی بەشداریكردنی فەلاح حەسەن، ئەو لاوە كوردەی كە جێگری سەرۆكی لاوانی سیاسیی جیھانە و بەشدارە لە كۆنفرانسی لاوانی سیاسیی ئەورووپا و ئاسیا، لە باكۆی پایتەختی وڵاتی ئازەربایجان، بە فەرمی لەگەڵ جەنگیزخان گۆنجوو، سكرتێری نێودەوڵەتیی لاوانی ئاكپارتی و شاندی یاوەری كۆ بووەوە.
لە دیدارەكەدا، فەلاح حەسەن كە ھاوكات نوێنەری دەرەوەی یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستانە، ئەم دیدارەی بە ھەنگاوێكی گرینگ ھەژمار كرد كە بۆ یەكەمین جارە لە دوای ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستان لە ٢٥ی سێپتامبەری ٢٠١٧، بە فەرمی لاوانی ھەردوو پارتی گەورە لەسەر ئاستی ھەرێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كۆ ببنەوە.
لاوانی كوردستان لەگەڵ لاوانی توركیا، باسی ڕیفراندۆمی سەربەخۆییی كوردستانیان كردووە و پێیان ڕاگەیاندوون كە نەوەی تازەی توركیا دەبێت لەوە بپرسن ھۆكار چی بووە گەلی ھەرێمی كوردستانی عێراق ڕیفراندۆمی سەربەخۆییان ئەنجام داوە و بۆ ئەم ڕێگەیەیان گرتووەتە بەر كە زیاتر لە ٩٢٪ی گەلی كوردستان دەنگی بۆ داوە.
لە لایەكی ترەوە، لاوانی كوردستان سوپاسی حكوومەتی ئاكپارتییان كردووە كە لە دوای ڕیفراندۆم وڵاتی توركیا دەرگاكانی خۆی دانەخستووە بەسەر ھەرێمی كوردستان و گەلەكەیدا.
شایانی باسە، ھەردوو لا كۆبوونەوەكەیان بە گرینگ وەسف كردووە و باوەڕیان بە برایەتیی ھەردوو نەتەوە ھەبووە، هەروەها ھیوایان خواستووە كە پارتەكانی ھەردوو لاش لەسەر ئاستی فەرمی و سەركردایەتیدا كۆ ببنەوە و دیداریان ھەبێت، لە دیدارەكەدا بڕیاریش دراوە شاندی ھەردوولا بەم زووانە سەردانی یەكتر بكەن.




