٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مەسعوود محەممەد: ئەمساڵ لە ھەرێمی كوردستان سەدان پڕۆژە لە بواری ئاودا جێبەجێ كراون

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكان گوتی،  حكوومەتی ھەرێم گرینگییەكی زۆری بە كەرتی ئاو داوە و، لە ئێستادا ھەموو كێشەكانی ئاو چارە كراون، تەنیا لەمساڵیشدا سەدان پڕۆژە لە بواری ئاودا جێبەجێ كراون.

ماوەیەك بوو لە وەرزی ھاوین لە ھەندێك شوێندا كێشەی كەمیی ئاو ھەبوو لە ھەرێمی كوردستان، بەڵام حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەپەلە چەند بڕیارێكی دەركرد و توانی ئەو كێشانە لە ماوەیەكی كەمدا چارە بكات، لە ئێستایشدا لەسەر پارەی  قەرزی ژاپۆنی بڕیارە لە شارەكانی ھەرێمی كوردستان چەندین پڕۆژەی دیكە لە بواری ئاودا جێبەجێ بكرێن، كە بڕی پارەی تەرخانكراو بۆ ئەو پڕۆژانە، ٢٢ملیۆن دۆلارە و خەرجكردنی ئەو پارەیەیش بە ھەوڵێ سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بووە.

پێوەست بەم پرسە، مەسعوود محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكان لە ھەرێمی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لەسەر پارەی قەرزی ژاپۆنی چەندین پڕۆژە لە بواری ئاو لە ھەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێن، لەوانە ھەولێر و سلێمانی و ھەڵەبجە و پارەكە خەرج كراوە و دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە، كە لەوانە لە شاری ھەولێر ھەر شوێنێك پێویستی بە گۆڕینی تۆڕی ئاو ھەبێت، كاری بۆ دەكرێت و دەگۆڕدرێت".

محەممەد گوتیشی: "ئێمە بە بەردەوامی پڕۆژە لە بواری ئاودا ئەنجام دەدەین و لە ئێستادا ھیچ كێشەیەكمان نەماوە و ھەمووی چارە كراوە، بەڵام ئاو پێداویستیی سەرەكیی ھاووڵاتیانە و پێویستی بەوە ھەیە بەردەوام كاری بۆ بكەین، ئێمەش بەردەوامین و نەوەستاوین".

بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆكان، دەشڵێ: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان گرینگییەكی تەواوی بە ئاو داوە و تەنیا لەمساڵدا سەدان پڕۆژە لە بواری ئاو لە ناوچە جیاجیاكانی ھەرێمی كوردستاندا جێبەجێ كراون، بۆیە لە ئێستادا كێشەمان نەماوە و سەرقاڵی جێبەجێكردنی پڕۆژەی نوێین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار