٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی: توركیا ھەناردەكردنی ئاردی بۆ ھەرێم كەم نەكردووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info-  دوای بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستاندا، وەزارەتی بازرگانی دەستی بە بەدواداچوون كرد. بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانییش، رەتی كردەوە ناردنی ئارد لە توركیاوە بۆ ھەرێمی كوردستان كەمی كردبێت و دەڵێ، ھاتنی بەرھەمی ئارد، وەك خۆیەتی.

لەو بارەیەوە، نەوزاد ئەدھەم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "وەزارەتی بازرگانی بەردەوام چاودێریی بازاڕ دەكات و راستە دوای سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا لەلایەن ئەمەریكاوە نرخی ئارد لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان ھەندێك بەرز بووەتەوە، بەڵام ھاتنی بەرھەمی ئارد وەك خۆیەتی و به‌ ھەمان رێژەی جاران ئارد دێتە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستان".

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی، هاوكات ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "بەرزبوونەوەی نرخی ئارد لە بازاڕدا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پێشتر  حكوومەتی توركیا پاڵپشتیی ئەو بازرگانانەی دەكرد كە ئاردیان ھەناردەی دەرەوە دەكرد و بۆ ھەناردكردنی ھەر تۆنێك ئارد حكوومەتی توركیا پەنجا دۆلاری پێشكەش بەو كۆمپانیایانە دەركرد، بەڵام ئێستا حكوومەت ئەو ھاوكارییەی كۆمپانیاكانی ھەناردەكردنی ئارد ناكات، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئاردی توركی".

ئەدھەم گوتیشی: "یەكێكی دیكە لە ھۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی ئارد، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ساڵی رابردوو رێژەیەكی كەمتر باران لە وڵاتی توركیا باریوە و بەرھەمھێنانی گەنم بەراورد بە ساڵانی پێشوو كەمی كردووە، لەبەر ئەوە ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە ھیچ كێشەیەك لە ھەبوونی ئارددا نییە لە بازاڕەكانی ھەرێمی كوردستاندا و ھۆكارەكەی تەنیا ئەوەیە كە باسمان كرد".

 

قائید میرۆ

 

 

هەواڵی پەیوەندیدار