بەرپرسی لقی ٣: باس لە دابەشكردنی پۆستی پارێزگاری كەركووك و سەرۆككۆمار نەكراوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، هێشتا ھیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ پۆستەكانی كەركووك ڕانەگەیەندراوە. ڕەتیشی دەكاتەوە باس لە دابەشكردنی پۆستی پارێزگاری كەركووك كرابێ، بەوەی كە دوو ساڵ بۆ پارتی و دوو ساڵ بۆ یەكێتی بێت.
لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك نەماوە و زۆربەی بارەگاكانی سووتێندران و شوێنی پۆستەكانیشیان پڕ كرانەوە، پارتی لە ئێستادا ھیچ حوكمێك لەم شارەدا ناكات و، بەشداریی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیشی لە كەركووك بایكۆت كرد و ڕایگەیاند، بەشداریكردنی دەنگدان لە كەركووك، شەرعییەتدانە بە داگیركاریی ئەو شارە، ھەر بۆیە لە ئێستادا لیژنەیان بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك پێك ھێناوە.
پێوەست بەم پرسە، بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لە كەركووك، د.محەممەد خورشید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "تا ئێستا ھیچ ڕێككەوتنێك لە نێوان پارتی و یەكێتیدا نییە بۆ دابەشكردنی ھیچ پۆستێك، تەنیا لیژنەیەكی ڕاوێژكاری دروست كراوە لە نێوان یەكێتی و پارتیدا، كە لیژنەیەكی چواركەسییە و تاوتووی پێشنیازەكان دەكەن و تا ئێستا ھیچ بڕیارێكیش نەدراوە پۆستی پارێزگار بۆ یەكێتی یان بۆ پارتی بێت."
ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەو دەنگۆیەی ڕەت كردەوە کە گوایە داوایەکی وا کراوە پۆستی پارێزگاری كەركووك دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان پارتی و یەکێتیدا دابەش بكرێت و گوتی: "بە ھیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە كە پۆستی پارێزگاری كەركووك دوو ساڵ بۆ یەكێتی و دوو ساڵیش بۆ پارتی بێت، تەنیا لیژنەیەك پێك هێندراوە، كە پێشنیازەكان دەدەن بە مەكتەبی سیاسیی ھەردوو لا و، ھیچ باسێكی دابەشكردنی پۆستی كەركووك و سەرۆككۆماری عێراقیش، بە فەرمی نەكراوە."
فایزە كۆیی




