فازڵ ڕەئووف: بهداخەوە بەشێك لە پۆستەری بەربژێرەكانی پارتی لێكراونەتەوە

سلێمانی-KDP.info- پۆستەرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەربژێرەكانی، لە شاری سلێمانی لێدەكرێتەوە و كۆمسیۆنیش دەڵێت: "بەربژێرەكان دەتوانن سكاڵا تۆمار بكەن".
پۆستەری بەربژێرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە شاری سلێمانی و هەڵەبجە لێدەكرێنەوە و دەدڕێندرێن، لە كاتێكدا ئەمە پێچەوانەی رێسا و بنەماكانی پرۆسەی هەڵبژاردنە، چونكە هەر حزب و بەربژێرێك مافی ئەوەی هەیە بانگەشە بۆ خۆی بكات.
كەیوان عەلی، كادیری لقی چواری پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بە ئاشكرا بەشێكی زۆری پۆستەر و لۆگۆی پارتی و بەربژێرەكانی لە سلێمانی لێدەكرێنەوە، لە كاتێكدا دەیان حزبی دیكەیش پۆستەر و لۆگۆیان هەیە، كەچی هیی ئەوان پارێزراون، لە هەندێك شوێنیش نووسراو و قسەی نەشیاو لەسەر پۆستەری بەربژێرەكان نووسراوە، كە ئەم حاڵەتە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا دووبارە بووەوە و زۆرترین پێشێلكاریی هەڵبژاردن لەو بارەیەوە كرا".
فازڵ ڕەئووف، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە شاری سلێمانی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بە داخەوە بەشێك لە پۆستەری بەربژێرەكانی پارتی لێكراونەتەوە، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان داواكارین كە هیچ لایەنێك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ گێچەڵی سیاسی بە لایەنی بەرانبەر نەفرۆشێت و كار نەكەن بۆ شكاندنی یەكتری، چونكە دواجار پرۆسەی سیاسی لە كوردستاندا پێویستی بە هەموو لایەنەكان دەبێت".
ڕەئووف گوتیشی: "وەك پارتی دیموكراتی كوردستان خاوەنی دەنگ و جەماوەری خۆمانین و، لە سنووری پارێزگای سلێمانییش پارتی دەنگی زیاد دەكات و چاوەڕوانین زۆرترین بەربژێر رەوانەی پەرلەمان بكەین، چونكە پارتی خاوەنی شۆڕش و ئاوەدانی و سەقامگیریی كوردستانە، بۆیە جێگەی متمانەی خەڵكی كوردستانە".
هاوكات كاروان جەلال، بەڕێوەبەری گشتی لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "لێكردنەوەی پۆستەر دیاردەیەكی خراپە و دەبێت هۆشیاریی زیاتر لەو بارەیەوە بدرێتە لایەنەكان، هەر لایەنێك یان بەربژێرێكیش پۆستەری لێكراوەتەوە، دەتوانێت سكاڵا تۆمار بكات و بەدواداچوون بكات".
راژیار هەورامی




