تروانشی: دهۆك لە ٣٠ـی ئەیلوولدا، شۆڕشێكی دی بۆ پارتی تۆمار دەكات

دهۆك-KDP.info- بەرپرسی لقی یەكی پارتی لە دهۆك ڕایگەیاند، لە ٣٠ـی ئەیلوولدا، شۆڕشێكی دی بۆ پارتی تۆمار دەكەن و پێشكەش بە خوێنی شەهیدانی دەكەن، ئەمەیش لە پێناو ئەو ئازادی و سەقامگیرییەی كە ئەمڕۆ لە كوردستاندا هەیە.
پارتی لە پارێزگای دهۆك بێ ڕكاربەرە، لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیشدا، پارتی لە كۆی یازدە كورسیی پەرلەمانی، ١٠ كورسیی مسۆگەر كرد و ئێستایش چاوی لە زۆرینەی دەنگەكانە و ئامادەكاریی پێویستیشی بۆ هەڵبژاردن كردووە.
لەو بارەیەوە، سەربەست تروانشی، بەرپرسی لقی یەكی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگهیاند: "پارتی لە دهۆك هەموو ئامادەكارییەكی خۆی كردووە و خەڵكی دهۆك بە گوڕوتینێكی زۆرەوە بانگەشە بۆ لیستەكەیان دەكەن كە لیستی پارتییە، چونكە خەڵكی دهۆك لیستی پارتی بە لیستی خۆیان دەزانن".
پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، خەباتی لە پێناو ئازادیی گەلەكەیدا كردووە و، كادر و لایەنگر و سەرۆكەكەیشی لە ڕیزی پێشەوەی جەنگدا بوونە بۆ بەرگریكردن لە خاك و كەڕامەتی خەڵكی كوردستان.
وەك تروانشی گوتی: "دهۆكییەكان ئامادەن لە رۆژی ٣٠ـی ئەیلوولدا بەرەو سندووقەكانی دەنگدان بچن، چونكە ئەوان گەییشتوونەتە ئەو باوەڕەی كە دەنگدان بە لیستی ١٨٣، ئاییندەیەكی گەش بۆ نەوەكانیان مسۆگەر دەكات".
بەرپرسی لقی یەكی پارتی، ئاماژەیشی دا: "پارتی زیاتر لە ٧٢ ساڵە خەبات بۆ پاراستنی كوردستان دەكات و بۆ ئەمەیش قوربانیی زۆری داوە، خەڵكیش هۆشیارە و دەزانێت بۆ پاراستنی شەڕەف و كەڕامەتی كورد، پارتی چەند قوربانی داوە و چەندە خوێنی ڕشتووە، هەر بۆیە پارتی لە دهۆك یەكەم دەبێت".
دەشڵێ: "پارتی و رێبەری گەلی كورد سەرۆك بارزانی، كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و هەر بۆ ئەمەیش ریفراندۆممان ئەنجام دا".
پارتی دیموكراتی كوردستان، بە لیستی ژمارە ١٨٣ و بە دروشمی (بنیانتانی كوردستانێكی بەهێز)، بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستاندا دەكات.
كــاروان بــاعەدری




