٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی تەتەر: بانگەشە بۆ لیستی ١٨٣ی پارتی لە زاخۆ لە ھەموو ناوچەکانی دیکە گەرموگوڕترە

سەرچاوە: KDP.info

 

 

زاخۆ -KDP.info- بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ گوتی، خەڵکی زاخۆ لە ھەموو ناوچەکانی دیکەی کوردستان بە گەرموگوڕتر پێشوازی لە لیستی ١٨٣ی پارتی دەکەن، چونکە خەڵکی زاخۆ ھەمووی خۆیان بە پارتی دەزانن و دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن، بۆیە ئەم جارەش بەراورد بە جاری ڕابردوو دەنگی پارتی زیاد دەکات.

 

پارتی دیموکراتی کوردستان بە لیستی ١٨٣ لە ژێر دروشمی بنیاتنانی کوردستانێکی بەھێزدا دەستی بە بانگەشە کردووە و لە بەرنامەی تایبەت بە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا جەختی لەوە کردووەتەوە، کە ھەموو ھەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی دۆخی خەڵکی کوردستان باشتر بێت و خزمەتی زیاتری کەسوکاری شەھیدان بکەن و ئابووریی ھەرێمی کوردستان ببووژێننەوە و لە عێراقیش بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کورد بکەن و ھەوڵ بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی دیکەش بدەن، بۆیە لە ھەموو ناوچەکانی ھەرێمی کوردستانیش پێشوازییەکی گەرم لە لیستی پارتی دەکرێت.

 

عەلی تەتەر، بەرپرسی لقی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری قەزای زاخۆ خەڵک پێشوازییەکی گەرم لە لیستی ١٨٣ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن، چونکە لیستی پارتی بە لیستی خۆیان دەزانن و خەڵکی زاخۆ ھەمووی پارتییە و پشتگیریش لە پارتی دەکەن و لە ڕۆژی دەنگدانیشدا دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن، چونک لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقیش خەڵکی زاخۆ دەنگیان بە لیستی پارتی دابوو، ئەم جارەش بە ھەمان شێوە دەبێت."

 

عەلی تەتەر گوتیشی: "ئەو گەرموگوڕییەی لە زاخۆ ھەیە بۆ بانگەشە بۆ لیستی ١٨٣ لە ھیچ شوێنێک نییە، چونکە خەڵکی زاخۆ جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان دەنگ بە ھیچ لیستێکی دیکە نادەن، بۆیە ئەم جارەش بەراورد بە جاری ڕابردوو دەنگی پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر زیاد دەکات، لەبەر ئەوەی خەڵکی زاخۆ قوربانیی زۆریان داوە لە پێناو کوردستان و دەستکەوتی نەتەوەیی، ھەر بۆیەش دەنگ بە لیستێک دەدەن کە دەستکەوتی نەتەوەیی زۆر بێت."

 

ئەو بەرپرسەی پارتی باسی لەوەش کرد: "زۆرترین شەھید لە شەڕی داعش لە زاخۆ بووە و لە شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و شۆڕشەکانی دیکە خەڵکی زاخۆ ڕۆڵێکی بەرچاویان ھەبووە، بۆیە بۆ ئەوەی خوێنی شەھیدان بەفیڕۆ نەچێت و خەباتیان بە ئاودا نەچێت، دەنگ بە لیستی پارتی دەدەن، چونکە دەزانن پارتی ھەڵگری پەیامی نەتەوەییە و ھەر پارتییە ئەوان دەپارێزێت و بەرگری لە دەستکەوتەکان دەکات، بۆیە ھیچ شتێک پارتی و زاخۆییەکان لێک جیا ناکاتەوە."

 

لە بانگەشەی ھەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی کوردستان خەڵکی زاخۆ زۆر بە گەرمی پێشوازی لە کاندیدانی پارتی و لیستی ١٨٣ی پارتی دەکەن و پشتگیریی خۆیان بە شێوەی جیاجیا دووپات دەکەنەوە و لە زۆربەی بۆنەکانیشدا شانازی بەو دەستکەوتانە دەکەن کە پارتی دیموکراتی کوردستان لە مێژووی خەباتی خۆیدا بە دەستی ھێناون، لەبەر ئەوەی خەڵکی زاخۆ بە نەتەوەیی ناسراون.

 

بڵند ئیبراھیم


 

هەواڵی پەیوەندیدار