٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێكهاتەكان: پارتی واتا كوردستان و دەوڵەتداری

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- پێكهاتەكانی كوردستان، مامەڵە و ستراتیژیی پارتی بە باش هەڵدەسەنگێنن. مامۆستایەكی زانكۆ، كە مەسیحییە، دەڵێ پارتی مافی سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانییان پاراستووە. توركمانێكیش دەڵێ، پارتی، واتا كوردستان.

 

پارتی دیموكراتی كوردستان بەوە ناسراوە، كە هەمیشە لەگەڵ پێكهاتە جۆراوجۆرەكانی كوردستان و تەنانەت عێراقیش بە هەڵوێستە نەگۆڕەكانی بۆ پێدان و وەرگرتنی مافەكانیان هەوڵی داوە، "سەرۆك بارزانی بوو لە دوای نەمانی ڕژێم و لە دەستووردا قبووڵی نەبوو بنووسرێ كەمەنەتەوەیی و كەمەئایینی، بەڵكو گوتی دەبێ وەك كورد و عەرەب، بنووسرێ پێكهاتە." ئەمە قسەی ئانۆ عەبدۆكە، مامۆستای زانكۆ بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان" وای گوت.

 

 

پارتی دیموكراتی كوردستان، كە بە ژمارە ١٨٣ی لیستەكەی بەشداریی هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەم مانگە دەكات، لە خاڵێكیدا كە جەختی تێدا دەكاتەوە، ئەوەیە، كار دەكات بۆ زەمینەسازی بۆ تەواوی نەتەوە و كولتوورە جیاوازەكانی كوردستان، تا گوزارشت لە خۆیان بكەن، پەرە بە زمان و هونەر و ڕەسەنایەتی و فەرهەنگی خۆیان بدەن، هاوكات خاڵێكی دیكەیش، داكۆكیكردنە لە مافە سیاسی و كارگێڕی و كولتوورییەكانی توركمان و كلدان و سریان و ئاشوور و ئەرمەن، هەروەها مافی كوردانی ئێزدی و فەیلییش بە هەمان شێوە.

 

 

ئانۆ عەبدۆكە، ستراتیژییەتی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە باش هەڵدەسەنگێنێت، نموونەیش بەوە دەهێنێتەوە، لە ناو خودی حزبەكەدا چەندین كادیری مەسیحی هەن لە ئاستی پێگەی باڵادا، ئەو نموونەیشی بە ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و پارێزگارێكی وەك شەهید فرەنسۆ هەریری هێنایەوە، كە پارێزگایەكی وەك هەولێر دوو ملیۆن موسوڵمانی تێدایە، پارتی ئەو پۆستەی بە مەسیحییەك دا، بەردەوامیش بوو لە نموونەكانی، وەك وەزیری دارایی و چەندانی دیكە كە مەسیحین و پارتی ڕۆڵی گرینگی پێ داون.

 

 

ئەو مامۆستایەی زانكۆ جەخت لەوە دەكاتەوە، هەمیشە پارتی مامەڵەیەكی باش و ڕوونی لەگەڵ سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەدا هەبووە، ئەوەش بۆ فكری شێخ عەبدولسەلام بارزانی و سیاسەتی حەكیمانەی بارزانی نەمر و سەرۆك بارزانی دەگەڕێنێتەوە، لە هەموو قۆناغەكاندا ئەوان جیاوازییان لەگەڵ هیچ پێكهاتەیەكی دیكەی كوردستاندا نەكردووە، نموونەیشی بە شۆڕشی ئەیلوول هێنایەوە كە یەكێك لە پێشمەرگە ئازاكان بە ناوی كروز مەلیك چەكۆ، مەسیحی بووە و هەر لە ناوچەی بادیناندا ژیاوە تا شەهیدیش بووە.

 

 

گەیلان ئاڵتی بەرماخ، بەرپرسی ماڵی توركمان لە هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "دوو جۆر توركمان هەن، بەشێكیان ئەوانەن كە خۆیان بە كوردستانی نازانن و لە ژێر كاریگەریی توركیادان و هاوكارییان لێ وەردەگرن، لە كاتێكدا كوردستانین و لێرەش دەژین! ئێمەش ئەو بەشەی دیكەین، كە خۆمان بە كوردستانی دەزانین، بۆیە جیاوازیمان زۆرە لە تێڕوانینمان بۆ خاك و نیشتمان".

 

ئەو گەڕایەوە بۆ مێژووی بارزانی نەمر و ئاماژەی بەوە دا، كاتێ بارزانی نەمر چووەتە بەغدا، بە تەنیا داوای مافی كوردی نەكردووە، بەڵكو داوای مافی توركمان و مەسیحییشی كردووە. گەیلان وەك خۆی باسی كرد تەمەنی ٤٥ ساڵە، لە ماوەی تەمەنیدا ئەوەی چ وەك هاووڵاتییەكی ئاساییی توركمان، چ وەك توركمانێكی بەشدار لە كایەی سیاسی، یان فەرهەنگی، تەنیا پارتی دیموكراتی كوردستانی بینیوە لەگەڵ توركمانەكان هەڵسوكەوت بكات و مافە فەرهەنگی و كولتووری و سیاسی و ئیداری و پەروەردەییەكانیان دابین بكات، نەك حزبەكانی دیكە، "بە تایبەت ئەو حزبانەی لەم كۆتاییانەدا دروست بوون، هیچ سەردانێك، یان كۆنتاكتێكیان لەگەڵ توركمان نەبووە و حیسابیشیان بۆ نەكردووین و هیچ بەرنامەیەكیشیان لەگەڵ توركماندا نییە، بەڵام بەرنامەی پارتی لەگەڵ ئێمەی توركمان ڕوون و ئاشكرایە و هەمیشە لێمان نزیك بووە، ئێمەیش پێمان وایە، پارتی، واتا كوردستان، واتا دەوڵەتداری، واتا حكوومەت، چونكە تەنیا حزبە مافی سەرجەم پێكهاتەكانی دیكە دەدات".

 

خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار