٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزارەتی پلاندانان: زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژە لە قۆناغی كۆتاییدان.. پڕۆژەی گەورەمان لە پلاندا هه‌یه‌

سەرچاوە: KDP.info

 

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی ھەرێم دەڵێ، دەست بە كاركردن لە زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژەدا كراوە و لە قۆناغی كۆتاییدان، كە پڕۆژەی ئاو، كارەبا، تەندروستی و پەروەردەی تێدایە و تا كۆتایی ساڵ تەواو دەبن. دەشڵێ، تەواوی قەرزی بەڵێندەرەكان دەدرێتەوە.

ساڵی ٢٠١٤ بە ھۆی ھاتنی تیرۆریستانی داعش و بڕینی بودجە لەلایەن حكوومەتی بەغداوە، ڕەوشی ئابووریی كوردستان بەرەو خراپی رۆییشت، بە جۆرێك ھەموو پڕۆژەكان وەستان و چیتر كار لەو پڕۆژانە نەكرا، زۆربەی كۆمپانیا بیانییەكانیش كشانەوە، بەڵام بە ھەوڵی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان توانرا ئەو ئابڵووقە داراییە بشكێندرێ و دۆخی ئابووریی كوردستان بەرەو باشتر بچێت، و پڕۆژەكانیش دەست پێ بكرێنەوە.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ڕایگەیاندبوو كە پێویستە پڕۆژە تەواونەكراوەكان دەست بە تەواوبوونیان بكرێتەوە، بۆ ئەمەش وەزارەتی پلاندانان لە ھەوڵدایە بۆ تەواوكرنی پڕۆژەكان. پێوەست بەم بابەتە، زاگرۆس فەتاح، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكان لە وەزارەتی پلاندانان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕایگەیاند: "سەبارەت بەو لێدوانەی سەرۆكی حكوومەت كە لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی كاروباری نەوتدا ئاماژەیان پێ كردووە، بڕیاریان داوە كە بڕەپارەیەك تەرخان بكرێت بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكان، كە بڕەپارەكە  ١٠٠ملیۆن دۆلار یاخود ٥٠ ملیۆن دۆلار دەبێت، ئێمەیش وەك وەزارەتی پلاندانان، لە رۆژی دووشەممەی ڕابردوودا لەگەڵ بەڵێندەران كۆبوونەوەمان كردووە، بەشێكی ئەو پارەیە تەرخان دەكرێت بۆ قەرزە كۆنەكان كە ھیی بەڵێندەرەكان بوو، دەدرێت بە ئەوان و بڕەپارەكەی تر بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكانی دیكە تەرخان دەكرێت."

یەكێك لەو خاڵە گرینگانەی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەرنامەیدایە بۆ چوار ساڵی داھاتووی كابینەی نوێی حكوومەتی ھەرێم، پێداچوونەوەیەكی میتۆدیانەی گشـتییە بە ئابووریی كوردسـتاندا لەسـەر بنەمای زیادكردنــی جۆرەكانــی ســەرچاوەی داھــات و پشــتنەبەســتن بــە كەرتــی نــەوت بە تەنیـا. ھاوكات جەختكردنەوەیە لە بووژاندنـەوەی كەرتەكانـی كشـتوكاڵ و پیشـەسازی و گەشـتیاری تـا ببنـە ھاریـكاری كەرتـی نـەوت. ھاندانـی سـەرمایەگوزاری و وەبەرھێنـان لـەو بوارانـەدا و دەرچوواندنـی ھـەر یاسـا و ڕێسـایەك كـە بـۆ ئاسـانكاری لـەو بوارانەدا پێویسـت بن.

سەبارەت بە ژمارەی ئەو پڕۆژانەی كە تەواو نەكراون، زاگرۆس فەتاح گوتی: "لە سەرەتای دەستپێكرنی قەیرانەكان كە لە ساڵی ٢٠١٤وە تا ئێستا زیاتر لە ٢٧٠٠ پڕۆژەمان وەستاون و كاریان تێدا ناكرێت، بەشێكیان دەست كراوە بە تەواوبوونیان و بەشێكی تریشیان چاوەڕیێ ئەو بڕەپارەیە دەكرێت كە بۆ بەڵێندەرەكان تەرخان دەكرێت، بڕیاریشە مانگانە ١٠ملیۆن دینار تەرخان بكەین بۆ پڕۆژەكانی وەبەرھێنان لە كوردستان، ئەو پڕۆژە خزمەتگوزاریانە لە بوارەكانی كشتوكاڵ، تەندروستی، پەروەردە، ئاو و ئاوەڕۆن، ئێمە زیاتر گرینگی بەو كەرتانە دەدەین كە خزمەت بە ھاووڵاتیان دەكەن، ئاو و ئاوەڕۆ بە رێژەی زۆر تەوەری یەكەممانە كە تەواویان بكەین و خزمەتگوزاریی ئاو بگەیەنین بە ھەموو لایەك."

ئەو هەروەها سەبارەت بە پڕۆژە نوێیەكانیش، گوتی: "ئەو بودجەیەی كە تەرخان كراوە، بەداخەوە تەنیا بەشی ئەوە دەكات كە قەرزی بەڵێندەرەكانی پێ بدرێتەوە و پڕۆژە تەواونەبووەكان تەواو بكەین، لە ئێستادا ناتوانین پڕۆژەی نوێ بەرھەم بێنین، بەڵام لە كاتی دانانی بودجەی ٢٠١٩ ئەگەر ئەو پارەیە تەرخان بكرێت بۆ پڕۆژەی نوێ، بێگومان ھەموو پڕۆژەكان تەواو دەكەین، سەرەتا ئێمە دەمانەوێ ئەو قەرزانە بدەینەوە كە لە بەڵێندەركانمان وەرگرتبوو."

فەتاح ڕاشیگەیاند: "پڕۆژەی ستراتیژیی گەورە ھەیە كە لە پلانماندایە، ئەویش پڕۆژەی رێگاوبانە، كە دوو پڕۆژەی سەرەكین و پلان و ئامادەكاریان بۆ كراوە، یەكێك لەوانە رێگای نێوان ھەولێر- دھۆك و، رێگای نێوان سلێمانی- ھەولێرە، كە چەند قۆناغێكیشی بڕیوە، بەڵام بە ھۆی ئەو قەیرانانەوە وەستاون، زیاتر لە ٢٠٠ پڕۆژەیش دەستیان كردووە بە كاركردن و لە قۆناغی كۆتاییدان، كە پڕۆژەی ئاو، كارەبا، تەندروستی و پەروەردەی تێدایە، تا كۆتایی ئەمساڵیش تەواو دەبن."

سەبارەت بە كەرتی پەروەردە و تەندروستی، ئاماژەی دا: "ھەر كەرتێك تایبەتمەندیی خۆی ھەیە، لە كەرتی تەندروستیدا كۆمەڵێك نەخۆشخانە لە شارەكان دروست دەكرێن، كە بۆ خزمەتی ھاووڵاتیان دەبێت، هەروەها لە كەرتی پەروەردەدا پێویستمان بە چەندین قوتابخانەی تر ھەیە، چونكە ئەو قوتابخانانەی كە لە ھەرێمی كوردستاندا ھەن، بەشی ژمارەی قوتابییەكان ناكات."

 

ھەڵكەوت محەممەد

 

هەواڵی پەیوەندیدار