چنار سەعد: پارتی چاوی لە زیادبوونی کورسییەکانیەتی

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی سەنتەری دیراسات و توێژینەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان، متمانەی بە دەنگدەری پارتی ھەیە و دەڵێ، پارتی کاری بۆ ئەوە نەکردووە تەنیا ڕێژەی کورسییەکانی بپارێزی، بەڵکوو ھەوڵی زیادبوونی ڕێژەی دەنگەکانیشی داوە.
لە ٣٠ـی ئەیلوولدا دەنگدانی خوولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەچێت، پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەرنامەیەکی بەھێز و تۆکمەی لەژێر ناوی "بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز" لە ١٠ سێکتەری جیا کە دەیان خاڵیان لێ دەبێتەوە خستووەتە ڕوو، لە کۆی گشتیدا دامەزراندنـی حکوومەتێکـی بەھێـزی بە ئامانج گرتووە، کـە بتوانـێ دەسـەڵات و سـەروەریی یاسـا و شـەرعیەت لە سەرتاسـەری کوردسـتاندا پیـادە بـکات و یەکپارچەیـی خـاک و گەلـی ھەرێمی کوردسـتان بپارێزێ و کۆتایی بە زۆن و زۆنکاری و دەسـتوەردانی ئەحزاب و یاساشـکێنی و سیاسـەتی دووفاقـی و فـەوزای سیاسـی و ناوچەگـەری بھێنـێ، بە لەبەرچاوگرتنی کارکردنی جیددی لە سێکتەرەکانی ئابووری و کشتوکاڵ و پەروەردە و هەلی کاردا.
ئەحمەد کانی، بەرپرسی لقی دووی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت، ئەو بەڵێنانەی پارتی بە خەڵکی دەدات جێبەجێیان دەکات، هەر لەبەر ئەوەشە خەڵکی کوردستان متمانەی زۆریان پێی ھەیە.
بە گەڕانەوەیەک بۆ ڕووداوەکانی ڕابردوو و هەڵوێستەکانی پارتی لە ئاستیاندا، کانی جەخت دەکاتەوە لەوەی، خەڵکی دەزانن ئەگەر پارتی نەبووایە ئێستا ھەولێر لەلایەن دوژمنانی کوردەوە داگیر کرابوو، خۆی ڕوونە کە ھەموو دەستکەوتە گەورەکان لەسەر دەستی پارتی بەدیھاتوون.
پارتی لە هەڵبژاردنی ٢٠١٣، کە خووڵی چوارەمی پەرلەمان بوو، ٣٨ کورسیی بە دەست هێنابوو و بەرپرسی لقی دوو دەڵێ، "پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ ئەو ھەڵبژاردنە چاوی لە سەرکەوتنی زۆر گەورەیە."
پارتییەکان لە لێدوانەکانیاندا پیشبینیی ئەنجامی باش و کورسیی زیاتر لەم ھەڵبژاردنەدا دەکەن ئەحمەد کانی نموونەیەکیانە، د.چنار سەعد عەبدولڵا، بەرپرسی مەکتەبی ناوەندی دیراسات و توێژینەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانە، پشڕاست بە توێژینەوە و ئەو ڕاپرسیانەی کە کردوویانە، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕایگەیاند: "ئێمە وەک پارتی دیموکراتی کوردستان، متمانەی تەواومان بە لایەنگرانمان ھەیە، کە نەک ھەر ڕێژەی کورسییەکانمان دەپارێزین، بەڵکو ھەوڵی زیادبوونی ڕێژەی دەنگەکانیشمان دەدەین و ئەو چاوەڕوانییەشمان هەیە."
فایزە کۆیی - بڵند ئیبراھیم




