٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕۆشنبیرانی هەڵەبجە: ئەگەر پارتی نەبووایە، ئێستا داگیركەران حوكمی كوردستانیان دەكرد

سەرچاوە: KDP.info

 

هەڵەبجە-KDP.info- ڕۆشنبیرانی پارێزگای هەڵەبجە دەڵێن، بۆ پاراستنی كیانی هەرێمی كوردستان، ئاوەدانكردنەوەی زیاتری هەرێم و بەردەوامیدان بە پێشكەوتن، ڕۆژی 30ـی ئەیلوول دەنگ بە لیستی 183ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدەن.

پێوەست بە پرسی هەڵبژاردن و دەنگدان بە لیستی 183ـی پارتی، عەتا ڕەئووف، خاوەنی كتێبخانەی هەژار موركریانی لە پارێزگای هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەر‌میی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پارتی سیاسەتێكی نەتەوەیی پیادە دەكات و پارێزەری دەستكەوتەكانی خەڵكی كوردستانە، ئەگەر پارتییش نەبووایە، لە كارەساتەكەی ١٦ـی ئۆكتۆبەرەوە، داگیركەران حوكمی كوردستانیان دەكرد".

ڕەئووف گوتیشی: " هۆكار زۆرە ئێمەی ڕۆشنبیران بە هەموو توانامان پشتیوانی لە لیستی 183ـی پارتی بكەین، كە حكومڕانیی ژێر دەسەڵاتی پارتی زۆر جیاوازە لە حكومڕانیی ناوچەكانی تری ژێر دەسەڵاتی حیزبەكانی تر، كە دەبینین ئەو ناوچانەی لە ژێر حوكمڕانیی پارتیدان، لە ڕووی ئاوەدانی و بووژانەوەی ئابووری ڕۆشنبیری و ئازادیی تاك و دیموكراسی  و ڕەخساندنی هەلی كار، زۆر جیاوازن لەگەڵ سلێمانی و هەڵەبجە، كە پارتی وەك حكوومەتی خۆجێیی حكومڕانی ناكات".

ڕۆشنبیران هێما بۆ ئەوە دەكەن، ئەوە پارتی و سەرۆك بارزانین هەمیشە خەباتیان كردووە بۆ پاراستنی كیانی سیاسیی كوردستان و هەنگاونان بەرەو دەوڵەتی كوردستان.

بەرزان حامید، مامۆستا و شاعیر، لای خۆیەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "دروشمی هەڵبژاردنی پارتی (بەرەو بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز)، دروشمێكی تەندروستە بۆ ئەمڕۆی كوردستان، كە دەزانین لە كاتی سەقامگیری و ئارامیدا وڵات بەردەوام بەرەو پێشەوە دەڕوات لە ڕووی ژێرخانی ئابووری، سیاسی، ڕۆشنبیری، پەروەردە و فێركردن و پێوەندییەكانی لەگەڵ دنیای دەرەوەدا".

حامید گوتیشی: "پارتی لە پاڵ ئاوەدانی و سەقامگیری و پاراستنی كیانی سیاسیی كوردستاندا، پەرەشی داوە بە بەرەوپێشبردنی كولتوور و ڕۆشنبیریی نەتەوەیی و هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان كە كوردستان بە هیی خۆیان بزانن و لە هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەكدا، لە مەترسی بیپارێزن كە بینیشمان چۆن ڕۆڵەكانی گەل، كوردستانیان لە داگیركاریی داعش و حكوومەتی عێراق پاراست".

هەر پێوەست بە هەڵبژاردن، ئەییوب عەنەبی، نووسەر و ڕووناكبیر، ڕای وایە: "پارتی لەوەتەی دروست بووە، بۆ ئەوە تێكۆشاوە گەلی كوردستان لە ژێردەستەیی ڕزگار بكات و هەنگاو بهاوێژێت بەرەو دەوڵەتی كوردستان،  هەمیشەش پارتی لەسەر خەتی نەتەوەی و دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان كاری كردووە و لەو پێناوەیشدا قوربانیی داوە، ڕۆژی 25ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوویش پارتی خەونی تاكی كوردی بەدی هێنا و هاووڵاتیان چوونە سەر سندووقی دەنگدان و دەنگیان بە سەربەخۆیی كوردستان دا".

خەڵكی كوردستان، بەهێزیی هەرێمی كوردستان، لە بەهێزیی پارتیدا دەبیننەوە، وەك عەنەبی گوتی: "هەر كاتێك پارتی بەهێز بووبێت، كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوەش بەهێز بووە، بۆیە پێویستە ڕۆژی 30ـی ئەیلوول گەلی كوردستان لەسەر سندووقی دەنگدان پارتی بەهێز بكەن و دەنگ بە لیستی 183ـی پارتی دیموكراتی كوردستان بدەن".

 

هێڤیار هەڵەبجەیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار