د. مەدحەت سلێمان: سەرکەوتنی لیستی پارتی زامنی بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردەیە لە کوردستان

ھەولێر-KDP.info- یەکێک لە پلانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چوار ساڵی ئایندە بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵایە. پسپۆڕێکی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵاش پێی وایە سەرکەوتنی لیستی ١٨٣ی پارتی دەبێتە بناغەیەک بۆ زامنکردنی کەرتێکی پێشکەوتووی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ھەرێمی کوردستان.
دکتۆر مەدحەت سلێمان، ڕاوێژکاری پەرلەمانی کوردستان بۆ پەروەردە و خوێندنی باڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پارتی لە ساڵانی ڕابردوو لە ڕێگەی نوێنەرانییەوە چ لە پەرلەمان، یان لە ناو حکوومەتدا جێی دەستیان دیار بووە، بۆ نموونە، ئەو کاتانەی وەزارەتی پەروەردە لە دەست پارتیدا بووە، چەندین پڕۆژە و پلانی ستراتیژی لە ڕووی پەروەردەوە دەرکراون بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە. بۆ نموونە، ئێستا کە وەزارەتی پەروەردە لە دەست پارتیدایە پڕۆژەیاسایەکی گرنگی ئامادە کردووە و بە پەسەندکردنی کەرتی پەروەردە لە قۆناغی باخچەی ساوایان، تا قوتابی دەچێتە قۆناغی زانکۆ بە شێوەیەک پەروەردە دەکرێت لە زۆر ڕووەوە جیاواز دەبێت و ئاستێکی دیکەی زانستی دەبێت لەسەر قوتابییان."
پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەرنامە و پلانەکانیدا بەردەوام بە گرنگییەوە دەڕوانێتە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، لەسەر ئاستی جیاواز کاری بۆ خزمەتکردنی چینی قوتابییان کردووە، ئەو ڕاوێژکارەی پەروەردە و خوێندنی باڵا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕوون کردەوە: "لە ھەردوو ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵادا پارتی ڕۆڵی بەرچاوی ھەبووە، چەندین کەسی پسپۆڕ و خاوەن ئەزموونی ڕەوانەی پەرلەمان و حکوومەت کردووە تا خزمەتی ھاووڵاتییانی کوردستان بکەن لە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا، پارتی چەندین ساڵە کار بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکات، کاتێکیش بودجە و دەرفەت ھەبوو بە ھەزاران قوتابی ڕەوانەی دەرەوەی وڵات کراون بۆ درێژەدان بە خوێندن لە زانکۆ پێشکەوتووەکانی جیھان."
کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا وەک دوو کەرتی گرنگ و کۆڵەکەی کۆمەڵگە دادەنرێن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو گرنگیی زۆری بەو کەرتانە داوە، وەک دروستکردنی سەدان باڵەخانە بۆ قوتابخانەکان و کردنەوەی قوتابخانە لە دوورترین ناوچەی ھەرێمی کوردستان. دکتۆر مەدحەت سلێمان دەڵێت: "سەرکەوتنی پارتی واتە مسۆگەرکردنی کەرتێکی پەروەردەی پێشکەوتوو، زامنکردنی داھاتووی نەوەکانمان، لەبەر ئەوە تا پارتی زیاتر دەنگ بەدەست بێنێت، ئەوەندە کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا بەرەوپێشەوە دەچێت، ئەم جارەش پارتی ژمارەیەک کادیری شارەزا و خاوەن ئەزموونی کاندید کردووە بۆ پەرلەمانی کوردستان، کە بە سەرکەوتنیان، ئەو کاندیدانە جێدەستیان دیار دەبێت لە بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا."
قائید میرۆ




