ڕەھێل جاف: لە گەرمیان دەنگی زیاتر بەدەست دێنین
__2018_09_12_h14m55s40__ER.jpg)
گەرمیان--KDP.info بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە گەرمیان ئاشکرای کرد، پارتی لە گەرمیان دەستی بە بانگەشەیەکی ھێمنانە کردووە و دەڵێ، لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولدا قەرەبووی دەنگەکانی ڕابردوو دەکەینەوە و دەنگی زیاتر بەدەست دێنین.
پارتی دیموکراتی کوردستان دوێنێ بە فەرمی دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کرد و سەرۆک بارزانی داوای لە پارتییەکان کرد بانگەشەیان جیاواز بێت و نەبنە ھۆی بێزارکردنی خەڵک. ڕەھێل جاف، بەرپرسی نووسینگەی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە گەرمیان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "دوێنێ پارتی بە فەرمی لە سنووری دەڤەری گەرمیان دەستی بە بانگەشەی ھەڵبژاردن کردووە و شێوازی بانگەشەی لیستی ١٨٣ی پارتی لە گەرمیان ھەندێک جیاوازە و زیاتر کاندید و ئۆرگانەکانی حزب سەردانی جەماوەری پارتی دەکەن، نەک لە نێو بازاڕ بانگەشە بکەن، ئەم جارە دەمانەوێ بە شێوەیەکی ھێمنتر کەمپینی ھەڵبژاردن بەڕێوە بەرین، ھەروەک دوێنێ سەرۆک بارزانی فەرمانی پێ کردین بانگەشەیەکی ھێمن و لەسەرخۆ ئەنجام بدەن."
بەرپرسی ھەڵبژاردنەکانی پارتی لە گەرمیان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھەموو کاندیدێک ئازادە لە کوێ بانگەشە بۆ خۆی دەکات و پێشبینی دەکەین دەنگی زیاتر بەدەست بێنین بەراورد بە ھەڵبژاردنەکانی ڕابردوو."
بە پێی گوتەی چاودێران لە ھەڵبژاردنی ئەم جارەدا کۆرسییەکانی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان زیاد دەبێت و بە جیاوازییەکی زۆر لەپێش لایەنەکانی دیکەوە دەبێت. ڕەھێل جاف دەڵێت: "لە ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراقدا ئەوەی بەدەستمان ھێنا دەنگی حەقیقیی پارتی نەبوو لە گەرمیان، چونکە ئێمە قەبارەی دەنگی خۆمان دەزانین و ساختەکاری تێدا کرابوو، بەڵام لە ھەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوول قەرەبووی دەنگەکانمان دەکەینەوە، بەتایبەت سیستەمی بەڕێوەچوونی دەنگدان جیاوازە و دەنگ بەدەست ھەژماردەکرێن."
قائید میرۆ




