بەرپرسی لقی ٩: خەڵكی سنوورەكەمان خۆیان یەكلا كردووەتەوە و دەنگ بە لیستی 183ی پارتی دەدەن

ئاكرێ-KDP.info- بەرپرسی لقی ٩ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، خەڵكی سنوورەكە گەییشتووەتە ئەو ڕاستییەی كە ئەوەی ئەو میللەتە و كوردستان و ئەزموونەكەی دەپارێزێت، پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆیە دەنگیان بۆ لیستی 183ی پارتییە.
ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، لە یەكەم ڕۆژی بانگەشەی هەڵبژاردندا، پارتی دیموكراتی كوردستان بە گوتاری سەرۆك بارزانی و لە ژێر دروشمی (بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز)، دەستی بە هەڵمەتی چڕی بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان كرد بە لیستی ژمارە (183).
سەباح بەیتوڵڵا، بەرپرسی لقی 9 ـی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "لە سنووری لقی 9ـی پارتی، بەرنامەی تایبەتی خۆمان ئامادە كردووە و دوێنێش بە فەرمی دەستمان كرد بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن، ئێستایش لە سەرەتای بانگەشەداین و رۆژ لە دوای رۆژ هەڵمەتی بانگەشەمان فراوانتر دەبێت، لە ئێستایشەوە گەرموگوڕی بە جەماوەر و خەڵكی خۆمانەوە دیارە بۆ پاڵپشتیكردن و سەرخستنی لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان".
بەرپرسی لقی 9ی پارتی ڕاشیگەیاند: "سنووری ناوچەكەی ئێمە بە گشتی خەڵكێكی دڵسۆز و پارتیپەروەرە و ئاوات دەخوازن پارتی دەستكەوتی گەورەتر بەدەست بێنێت، بۆیە چاومان لەوەیە و هەموو هەوڵی ئێمە ئەمجارە بۆ ئەوەیە سەركەوتنێكی گەورە تۆمار بكەین".
وەك بەیتوڵڵا گوتی: "خەڵكی سنوورەكەی ئێمە گەییشتووەتە ئەو ڕاستییەی كە ئەوەی ئەو میللەتە و كوردستان و ئەزموونەی دەپارێزێت، پارتی دیموكراتی كوردستانە، هەر كاتێك هێرش و پیلانی ناحەزان لەسەر هەرێمی كوردستان هەبێت، پارتی قوربانیی گەورە دەدات بۆ ئەوەی كوردستان ئارام بێت، تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش و داستانی سحێلا و پردێش، باشترین نموونەن بۆ ئەوەی ئەگەر پارتی دیموكراتی كوردستان بەهێز بێت، كوردستان بەهێزە، ئەگەر پارتی لە سحێلا و پردێ نەبایە و قارەمانانی پارتی و بارزانی نەبوونایە، لەوانەیە ئەمڕۆ لە باژێرێ ئاكرێ حەشدی شەعبی و خەڵكێكی دیكە حوكمیان كردبا، بەڵام لەسایەی خوێنی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكانی پارتی و بارزانی و قارەمانیەتیی جەنابی (سەرۆك بارزانی)، كوردستان پارێزراوە، بۆیە دەنگدان بە لیستی 183ی پارتی دیموكراتی كوردستان، وەفایەكە بەرانبەر خوێنی شەهیدان و سەرۆك بارزانییش".
نەشوان بەرزنجی




