بەرپرسی لقی 26ی گوڵان: جهماوهری باڵەكایەتی پشت و پەنا بوون و دهنگیشیان ههر بۆ پارتییه

چۆمان -KDP.info- بەرپرسی لقی 26ی گوڵان دەڵێ، بە شێوەیەكی زۆر باش خۆمان بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە، خەڵكی ناوچەكەش متمانەیان بە پارتی هەیە و خۆیان بە خاوەنی پارتی دەزانن، بۆیە گەشبینین كە دەنگی باڵەكایەتی بۆ پارتییە و وەكو هەڵبژاردنی پێشوو پارتی دەنگی یەكەم لە ناوچەكە دەهێنێتەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان كە بە لیستی 183 و 100 كاندید بەشداریی هەڵبژاردنی ڕۆژی 30/9/2018ی پەرلەمانی كوردستان دەكات، بە دروشمی (بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز) بەرنامەی هەڵبژاردنی داڕشتووە.
حەسەن حەدۆ، بەرپرسی لقی 26ی گوڵانه بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتیی دیموكراتی كوردستان جهخت دهكاتهوه: "هاووڵاتییانی چۆمان باش خۆیان بۆ هەڵبژاردن ئامادە كردووە، ئهوان متمانەیان بە پارتی هەیە و خۆیشیان بە خاوەنی پارتی دەزانن. خەڵكی ناوچەكە متمانەیان بە شۆڕشی ئەیلوول هەبوو و خۆیشیان خاوەنی شۆڕش بوون، سەركردایەتیی پارتی زیاتر لە 15 ساڵ لەو سنوورە بوو و گرنگییەكی زۆری بە ناوچەكە داوە، خەڵكی ناوچەكەش خۆشەویستییان بۆ سەرۆك بارزانی هەیە و متمانەیان بە پارتی هەیە."
حەدۆ، زیاتر دەڵێ: "گەشبینین كە دەنگی باڵەكایەتی بۆ پارتییە، بۆیە بە شێوەیەكی زۆر باش خۆمان ئامادە كردووە، بۆ ئەوەی زیاتر سوود لە خاڵە بەهێزەكانی هەڵبژاردنی 12ی 5 وەربگرین، بۆ ئەو مەبەستەش زیاتر لە 2 مانگە كاری لەسەر دەكەین، كە لە هەڵبژاردنی 30/9 نەك هەر دەنگەكانی خۆمان لە دەڤەری باڵەكایەتی دەهێنینەوە، كە پارتی یەكەم بوو لە ناوچەكە، بەڵكو دەنگی زیاتریش بە دەست دەهێنین، چونكە جەماوەری باڵەكایەتی هەردەم پشت و پەنای پارتی بوونە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ سەركەوتنەكانی پارتی و ئەو بەرگریەی پارتی لە خەڵكی كوردستانی دەكات، كە پارتی ڕووبارێك خوێنی داوە، هەر كاتێك كوردستان لە مەترسیدا بێت، پارتی بەرگریی لە كوردستان كردووە و خەڵكی كوردستانی پاراستووە، هەر ئەوەش دەبێتە هۆی ئەوەی كە پارتی نەك تەنیا لە باڵەكایەتی، بەڵكو لە هەموو كوردستان ببێتە حزبی یەكەم".
زەكیا مووسا، فەرمانبەری كارەبای چۆمان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ: "ئێمەی ئافرەتان بە هەموو توانایەكەوە پشتگیری لە لیستی پارتی دەكەین، چونكە پارتی زامنی مافەكانی ئافرەتان دەكات، ئەمەش وا دەكات كە هەموو ئافرەتان پشتگیری لەم لیستە بكەن و بە هەموو شێوەیەك ئێمە پشتگیریی خۆمان بۆ پارتی ڕادەگەیەنین و بە هەموو شێوەیەك پشتگیری لە سەرخستنی ئەو لیستە دەكەین و هەوڵی سەركەوتنی بۆ دەدەین."
حەمید خدر، كە خەڵكی چۆمانە و پێشمەرگەیە لە میحوەری خازر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی دیار كرد: "دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی پارتی دەدەم، چونكە باڵەكایەتیی لە نەبوونەوە هێناوتە بوون، باڵەكایەتی پێشتر سەربازگە بوو، ئێستا بووەتە قەزا و چەندین ناحیە و گوندی هەیە، لە هەموو ڕوویەكەوە پێش كەوتووە و ڕۆژ بۆ ڕۆژ ئاوەدانتر دەبێت، لەگەڵ ئەوەی پارتی بوو توانی ڕێگە لە دوژمن بگرێت و پاشەكشەی پێ بكات، ئەگەر پارتی نەبووایە ئێستا كوردستان دەكەوتە دەست دوژمنان و دەبووە بەشێكی خرابووی عێراق، بەڵام لە سایەی پارتی و بارزانی ڕۆژ بۆ ڕۆژ ئاوەدان دەبێت و دەبێتە ناوچەیەكی پێشكەوتوو لەسەر ئاستی ناوچە، هەربۆیە خەڵك بۆ چاكەدانەوەی پارتی ڕۆژی 30/9 ڕوو لە سندووقەكانی دەنگدان دەكات و دەنگ بە لیستی ژمارە 183ی پارتی دەدات".
ڕابین شێروانی




