پەرلەمانی کوردستان ڕاپۆرت لەبارهی ھێرشەكهی قەڵای دیموکراتهوه ئامادە دەکات

هەولێر-KDP.info- شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی شوێنی ڕووداوەکانی ھێرشکردنە سەر حزبی دیموکراتی کرد. ئەندامێکی لیژنەی ناوخۆی پهرلهمان دەڵێ، لە ڕۆژانی دابێ پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی ئەو بابەتە دەکات و لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانیش کۆ دەبینەوە.
ئاواز حەمید ئەفەندی، ئەندامی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و ئاگاداربوون لە ڕەوشی بۆردوومانەکەی سەر بارەگاکانی حزبی دیموکرات سەردانی شارۆچکەی کۆیەمان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حزبەکانی ڕۆژھەڵات بە وردی باسی ڕەوشی دیموکراتەکان و ڕووداوەکانی ڕۆژانی ڕابردووی ھێرشکردنە قەڵای دیموکراتەکانمان کرد، کە بڕیارە سبەی، ڕۆژی چوارشەممە، لیژنەی ناوخۆ کۆ ببێتەوە و ڕاپۆرتێک لەبارەی ھێرشی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر حزبەکانی دیموکرات ئامادە دەکات و ھەڵوێستی فەرمیی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگەیەنین."
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، سوپای پاسداران بە 7 مووشەك بوردوومانی بارەگای حزبی دیموكراتی كوردستان و حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێرانی كرد، مووشەكەكان لە جۆری فاتح 110 بوون و ههرچهنده سوپای پاسداران دهڵێ لە دووریی 220 كیلۆمەترەوە ھاویشتراون، بەڵام ڕۆژنامەی بەیانی ئیماراتی ئاماژە بە لێكۆڵینەوەیەكی ئەمریكایی دهكات و بڵاوی كردووهتهوه، كه موشەكەكان لە ناوخۆی عێراقەوە ھاویشتراون، ئەوە جگە لەوەی فڕۆكەی بێفرۆكەوان و فڕۆكەی شەڕكەری ئێرانی ئاسمانی عێراقی بەزاندووە و بە ئاشكرا له كاتی بۆردوومانهكهدا به ئاسمانی سنووری قهزای كۆیهدا سووڕاونهتهوه."
ئەندامەکەی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "ئێمە وەک دراوسێ جەخت لەسەر پابەندبوون بە ڕێزگرتن لە وڵاتانی دراوسێی خۆمان دەکەینەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە ھیچ شێوەیەک لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەی سەربازی نین و دەبێ ھەرێمی کوردستان نەکرێتە گۆڕەپانی شەڕی نێوان ھیچ ھێزێک."
ئاواز حەمید ئەفەندی ئاشکرای کرد: "بڕیارە ڕۆژانی دابێ لەگەڵ نوێنەرانی وڵاتانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان کۆ ببینەوە کە ڕێز لە سەروەریی خاکی ھەرێمی کوردستان بگیرێت، لەو چوارچێوەیەدا نوێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانیش ئامادەی کۆبوونەوەکە دەبێت و مەبەست لەو کۆبوونەوەیە پتەوکردنی پێوەندیی نێوان ھەرێمی کوردستان و وڵاتانی جیھانە."
قائید میرۆ




