نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە شاندێكی سەربازیی ئەمەریكا كرد

هەولێر-KDP.info- پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 11/9/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی سەربازیی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتیی ژەنەراڵ پۆل فانك كرد، كە بە مەبەستی كۆتاییهاتنی كار و ئەركەكانی و ناساندنی شوێنگرەكەی، سەردانی سەرۆكوەزیرانیان كردبوو.
لە دیدارێكدا، ژەنەراڵ فانك سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دامودەزگاكانی كرد بۆ هاوكارییان لە كار و ئەركەكانی و، پوختەیەكیشی دەربارەی پاراستنی سەقامگیری و هاوكاریكردنی وەزارەتی كاروباری پێشمەرگە لە ڕاهێنانی پێشمەرگە و ڕێكخستنەوەی وەزارەت، پێشكەش كرد. لە هەمان كاتدا، ژەنەراڵ پۆل جۆزێف لاكامێرای بە سەرۆكوەزیران ناساند، كە لەمەودوا لە شوێنی ئەو وەك فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و سووریا دەستبەكار دەبێت و هیوای خواست ئەو ئاسانكاری و هاوكارییەی پێشكەش بەو كراوە، بۆ شوێنگرەكەیشی بەردەوام بێت.
لای خۆیەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، سوپاسی ڕۆڵی ژەنەراڵ فانكی كرد لە ڕابردوودا و دڵنیای كردەوە، كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبن لە هاوكاری و هەماهەنگی بۆ ئەوەی مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر لە ناوچەكەدا بنەبڕ بكرێت. هەروەها سوپاسی هەوڵەكانیانی كرد لە بواری ڕێكخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و هیوای سەركەوتنی بۆ هەردوو ژەنەرال فانك و ژەنەراڵ لاكامێرای خواست لە ئەركی نوێیاندا و، هەر ئاسانكاری و هاوكارییەكی بۆ ئەرك و كارەكانی شوێنگرەكەی دووپات كردەوە.
تاوتووكردنی بارودۆخی ناوچەكە بە گشتی و پرۆسەی سیاسی و پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق و هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان و دۆخی ئەمنیی ناوچەكە، لایەنێكی دیكەی دیدارەكە بوو.




