حزبە كوردستانییەكان دەسەڵاتی سەربازی كەركووك ڕەت دەكەنەوە

قهرهههنجیر-KDP.info- حزبە كوردستانییەكانی كەركووك دوای تەواوبوونی كۆبوونەوەكهیان لەسەر چەند خاڵێك ڕێككەوتوون و بڕیارە درێژە بە كۆبوونەوەكان بدەن هەروەك دووپاتیان لەوە كردەوە كە دەسەڵاتی سەربازی لە كەركووك ڕەت دەكەنەوە.
ئەمڕۆ سێشەم 11ـی ئەیلوول، لە ڕاگەیەنراوێكی ڕۆژنامەوانی حزبە كوردستانییەكان لە كەركووك هاتووە، لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆ بڕیاردرا كۆبوونەوەی بەردەوامی حزبە كوردستانییەكان چالا بكرێتەوە و بەرپرسی حزبەكان كۆبوونەوە ئەنجامی بدەن لە كاتی خۆیدا.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، گفتوگۆكردنی زیاتر بۆ یەك لیستی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك كراوە و لیژنەی هاوبەشی نێوان حزبەكانیش بەردەوام دەبێت لە كۆبوونەوەكانیان و لیژنەی پێكهێنراویش بەزووترین كات كۆ دەبنەوە.
ئاماژە دراوە، داواكارن كۆتایی بهێنرێت بە دەسەڵاتی سەپێنراو لە كەركووك، هەروەها حزبە كوردستانییەكان بۆ كاراكردنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك باسی یەك لیستیان كرد.
لەكۆتایی ڕاگەیەنراوەكە هاتووە، لایەنە كوردستانیەكان لەگەڵ پێكەوە ژیانن لە كەركووك و ڕەتی ئەوە دەكەنەوە كە دەسەڵاتی سەربازی لە كەركووك بسەپێندرێت.




