٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەكێتیی ئەورووپا، پشتگیری لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

 

هەولێر-KDP.info- لە دیداریاندا لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا، هیوایان خواست پرۆسەی دەنگدان سەركەوتووانە بەڕێوە بچێت و، پشتگیریی یەكێتیی ئەورووپایشیان بۆ پرۆسەی سیاسی و هەڵبژادنەكان و پەرەپێدانی ژیانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا، دووپات كردەوە.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 11/9/2018، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە كۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان كرد.

لە دیدارێكدا، دوایین پێشهاتە سیاسییەكان و دۆخی هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەم مانگەدا تاوتوو كرا.

كۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەكیتیی ئەورووپا، خۆشحاڵیی خۆیان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا دەربڕی و، هیوایان خواست پرۆسەی دەنگدان سەركەوتووانە بەڕێوە بچێت و پشتگیریی یەكێتیی ئەورووپایان بۆ پرۆسەی سیاسی و هەڵبژادنەكان و پەرەپێدانی ژیانی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستاندا، دووپات كردەوە.

لە دیدارەكەدا، پرۆسەی سیاسی لە عێراق و هەوڵەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق خرانە بەر باس و ڕۆڵی هەرێمی كوردستان وەك هاوبەشێكی سەرەكی لە پێكهێنانی حكوومەت و پرۆسەی سیاسیی عێراقدا بە گرینگ لە قەڵەم درا. لەو بارەیەوە، نێچیرڤان بارزانی و شاندی میوان هاوڕا بوون كە هەڵبژاردنەكانی عێراق و پێكهێنانی حكوومەتێكی تازە لە بەغدا، وەڵامدەرەوەی خواستی هاووڵاتیانی عێراق بێت لە دابینكردنی ئارامی و سەقامگیری و پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان و بەرەوپێشبردنی وڵات لە هەموو بوارەكاندا.

پەرەپێدانی پەیوەندییەكان و بەردەوامیی هاوكاری و هەمانگی لە بوارە جیاوازەكاندا، تاوتووكردنی دۆخی ناوچەكە و دوایین پێشهاتەكان بە گشتی، بەشێكی دیكەی باسی دیداری نێوان سەرۆكوەزیران و كۆنسووڵ و نوێنەرانی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان بوو.

هەواڵی پەیوەندیدار