لە ساڵێكدا ٧٠٠ پێكدادان و تەقینەوە لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان روویان داوە

كەركووك -KDP.info- دوێنێ ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان ئاماری رووداوەكانی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانی بڵاو كردەوە، كە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر روویان داوە. گوتەبێژی ئاساییشی كەركووكیش باوەڕی وایە، بەشێك لەو رووداوانە لەلایەن ئەو ھێزانەی ئێستا لە ناوچەكەن، ئەنجام دەدرێن.
ئەنجوومەنی ئاساییشی ھەرێمی كوردستان، دوێنێ لە تویتێكدا ئاماری رووداوەكانی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانی بڵاو كردەوە و تێیدا ھاتووە: "لە دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردووەوە، ٧٠٠ پێكدادانی چەكداری و تەقینەوەی بۆمب و كردەوە روویان داوە و، هەروەها زۆرترین رووداوی پێكدادان و تەقینەوە لە مانگی ئابی رابردوودا بووە كە تەنیا لەو مانگەدا ٨٠ حاڵەت تۆمار كراون".
لای خۆیەوە، نەقیب گۆران عەبدوڵڵا، گوتەبێژی ئاساییشی كەركووك، بۆ مالپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای كرد: "بەشێك لەو كردەوانە لەلایەن ھێزە ئەمنییەكان و گرووپەكانی سەر بە حەشدی شەعبی خۆیان ئەنجام دراون و، سەرچاوەی زۆرێك لە كێشەكانی ھەبوونی ئەو ھێزە نامۆیانەیە لە كەركووك و ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان".
گوتەبێژی ئاساییشی كەركووك دەڵێت: "بەڵگەی زۆر لەسەر تۆمەتباركردنی ئەو ھێزانە هەیە كە میلیشیان لە كەركووك و ھەڵدەكۆتنە سەر ماڵی ھاووڵاتیان، بۆ نموونە لە رۆژانی رابردوودا ئۆتۆمبێڵێكی پڕ لە چەكدار ھەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی خاوەنی نووسینگەیەكی ئالۆگۆڕی دراو و لە ئەنجامدا پارەیەكی زۆری لێ بردوون، دواتر لە كامێرای چاودێری دەركەوتووە كە ئەو چەكدارانە سەر بە رێكخراوی عەسائیب ئەھلولحەقی سەر بە حەشدی شەعبییە".
نەقیب گۆران ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: "دوای رووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر، رەوشی ئەمنی ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكان بە تەواوی تێك چووە و خەڵكی لە دڵەڕاوكێدا ژیان بەسەر دەبەن، چونكە سەرەڕای بەسەربازگەكردنی ناوچەكە، بەردەوام دیاردەی چاندنی بۆمب و ھەڵكوتانەسەر ھاووڵاتیان ھەیە، ئەوەش وای كردووە بەردەوام رەوشی كەركووك و ئەو ناوچانە بە نائارامی بمێنێتەوە".
قائید میرۆ




