٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. مەحموود: دەبێت هەموو حزب و لایەنەكان وانە لە شۆڕشی ئەیلوول وەربگرن

سەرچاوە: KDP.info

 

سۆران -KDP.info- ئەمڕۆ 11ـی ئەیلوولی 2018، 57ـەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی گەلی کوردستانی باشوورە كه‌ به‌ رابەرایەتیی بارزانیی نەمر گەلی کوردستان، شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێمی عێراق و بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کوردستان، هەڵگیرساند.

‌پێوه‌ست به‌و یاده‌، د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێ: "كورد، شۆڕشی ئەیلوولی لە دژی رژێمی عێراق و بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كوردستان هەڵگیرساند، كە بارزانیی نەمر رابەرایەتیی شۆڕشەكەی دەكرد، شۆڕشی ئەیلوول بۆ یەكەمجار حكوومەتی عێراقی ناچار كرد كە دانوستان لەگەڵ سەركردایەتیی كورددا بكات، گرینگترین دەستكەوتی شۆڕشەكەیش، ئەو بڕیارەی 11ـی ئادار بوو، كورد هەر شۆڕ‌شێكی كردبێت، ئەگەر یەكگرتوو بووبێت، دەستكەوتی زیاتری بە دەست هێناوە، كە یەكگرتوویش نەبووبێت و دووبەرەكییان تێ كەوتبێت، سەركەوتوو نەبووە، جا پێویستە كورد لە ‌ناوخۆدا یەكگرتوو بێت، دەبێت هەموو حزب و لایەنەكان وانە لەو شۆڕشە وەربگرن، ئێستایش چەند یەكگرتوو بن، سەركەوتن بە دەست دەهێنن، بە تایبەتی لە بەغدا".

عەبدوڵڵا یاسین، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "شۆڕشی ئەیلوول دەستكەوتێكی هەرەگەورەی بۆ گەلەكەمان بە دەست هێنا، حكوومەتی عێراقی ناچار كرد ددان بە مافەكانی گەلی كورددا بنێت و بەرهەمی شۆڕشەكەیش‌ بەیاننامەی 11ـی ئازاری لێ كەوتەوە، كە بوو بە بناغەی هەموو گفتوگۆكانی دیكەی كورد لەگەڵ ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق، كە ئەوە دەستكەوتێكی زۆر گەورە بوو، تا ئێستایش گەلی كورد شانازی پێوە دەكات، لەگەڵ ئەوەی سەركردایەتیی شۆڕش پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی وڵاتانی جیهاندا هەبوو، بە تایبەتی یەكێتیی سۆڤیێت، بۆیە شۆڕشی ئەیلوول داینەمۆیەك بوو بۆ ئەوەی لەو ڕێگایەوە گەلی كوردستان لە زوڵم و ستەم ڕزگاری بێت و نەكەوێتە ژێر دەست و چەپۆكی بێگانەوە".

گوتیشی: "هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، بۆ سەلماندنی توانای كورد و سەركردایەتییەكەی بوو لە دەستەبەركردنی مافە ڕەواكانی نەتەوەكەی لەم بەشەی كوردستاندا، واتا گرینگیی شۆڕشەكە بۆ كورد و مەترسی بۆ دوژمنەكەی لە بەغدا  لەوەدا بوو، كە هیچ بەرپرسێكی عێراقی لە ماوەی 14 ساڵدا نەیانتوانی بە تەنیا لەو شۆڕشە بدەن، تا بە نەخشە و پیلانێكی دەرەكی لێیان دا، بۆیە ئەوەی شۆڕشی ئەیلوول لەوانەی پێش و دوای خۆی جیا دەكاتەوە، ئەوەیە كە درێژترین شۆڕشی كوردی بوو لە مێژووی هاوچەرخدا".

كەریم شێخەمیر، پێشمەرگەیەكی دیكەی هەمان شۆڕش بوو، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، روونی كردەوە: "شۆڕشی ئەیلوول، شۆڕشێكی سەرتاسەریی گەلی كوردستان بوو كە هەموو شوێن و گوند و شارێكی كوردستانی گرتەوە، شۆڕشی ئەیلوول لە خانەقینەوە تا زاخۆ كوردی یەك خست، وەرچەرخانێكی مێژوویی بوو لە شێوازی خەباتدا، شۆڕشی ئەیلوول ورە و متمانەی بە گەلی كورد بەخشی و ئامانجی ڕزگاركردنی نیشتمان و سەربەخۆیی كوردستان بوو، بۆیە باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدان ئەوەیە، جیاوازیی بیروڕا و فرەلایەنیی سیاسی بخرێتە خزمەت پتەوكردنی نیشتمان و سەربەخۆیی و پێكەوەژیان و ئاشتی و، رۆژی 30/9 بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن".

 

ڕابین شێروانی

هەواڵی پەیوەندیدار