عارف ڕوشدی: ئهمڕۆ پارتی و یەكێتی كۆ دەبنەوە.. كورد بڕیاری داوە

ھەولێر-KDP.info- راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەشداریكردن لە حكوومەتی تازەی عێراقدا، ئەمڕۆ ھەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆ دەبنەوە.
پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، بە ھاوبەشی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان دەكەن سەبارەت بە بەشداریكردن لە حكوومەتی تازەی عێراق و، لە چەند رۆژی ڕابردوویشدا شاندێكی ھاوبەشی ھەردوولا سەردانی بەغدای كرد و چاوەڕێی وەڵامی داواكارییەكانی كوردن، بۆ ئەوەی كورد بەشداری لە حكوومەتی نوێدا بكات.
پێوەست بەم پرسە، راوێژكاری مەكتەبی سیاسیی پارتی، عارف ڕوشدی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ ھەردوو مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆ دەبنەوە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی بەشداركردنی كورد لە حكوومەتی تازەی عێراقدا، بۆ ئەوەی بگەنە ئەنجامێك، چونكە پێویستە لە ١٥ی ئەم مانگەدا ھەر سێ پۆستی سەرۆكایەتیی عێراق یەكلا بكرێنەوە".
روشدی گوتیشی: "كورد بڕیاری داوە كامە لایەن پشتگیری لە داواكارییەكانی بكات، پشتگیری لەو لایەنە دەكەن و تاوەكو ئێستا ھەردوو بەرەی شیعە پشتگیری لە كورد دەكەن، بەڵام كورد داوای دڵنیایی دەكات بۆ جێبەجێكردنی داواكارییەكانی و، لە چەند رۆژی داھاتوویشدا بە تەواوی یەكلا دەبێتەوە، كە كورد پشتگیریی كامە لایەن دەكات".
لەبارەی پۆستی سەرۆككۆماریشەوە، عارف روشدی گوتی، پۆستی سەرۆككۆمار ئیستیحقاقی پارتییە، لەبەر ئەوەی گەورەترین كوتلەیە، بەڵام لەسەر ئەنجامی گفتوگۆكان دەمێنێتەوە كە چۆن لەسەری دەگەنە رێككەوتن.
بڵند ئیبراھیم




