لیژنەی ئاساییش، داوای كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان لەبارەی ڕووداوەكەی كۆیەوە دەكات
__2017_11_13_h18m51s8__HK.jpg)
هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ئەنجوومەنی خۆجێیی لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێ، دەبێ سەروەریی خاكی كوردستان پارێزراو بێت و هیچ وڵاتێك نەتوانێت پێشێلی ئەو سەروەرییە بكات.
نازم هەركی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: "بەداخەوە عێراق وەك وڵاتێك سەروەریی لە دەست داوە و ناشتوانێت كۆنتڕۆڵی ئاسمانی خۆی بكات، بۆیە بەو هۆیەوە گرفت بۆ هەرێمی كوردستانیش دروست بووە و سەروەریی خاكی هەرێمیش پێشێل دەكرێت، چونكە رۆژانە دەبینین خاكی كوردستان بۆردوومان دەكرێت و ئێستایش بۆردوومان گەییشتووەتە سەنتەری شارەكان، وەك ئەوەی ئەمڕۆ لە كۆیە رووی دا".
هەركی، گوتیشی: "دەبێ هێرشەكان بۆ سەر خاكی كوردستان سەركۆنە بكرێن، چونكە ئێمە دەستوورمان هەیە و دەبێ دەستوور خاكی كوردستان و عێراقیش بپارێزێت، بەڵام بەداخەوە كە دەستووریش ناتوانێت پارێزگاری لە سەروەریی وڵات بكات، ئەمەیش بەشێكی پەیوەندی بە دەسەڵاتی بەغداوە هەیە و دەبێت ئەوانیش وەجواب بێن".
جێگری سەرۆكی لیژنەی ئاساییش و ئەنجوومەنی خۆجێیی، هاوكات داوای كرد كۆبوونەوەی بەپەلەی پەرلەمان لەو بارەیەوە ئەنجام بدرێت، چونكە "كوردستان رووبەڕووی مەترسی بووەتەوە و دەبێت ئەم پرسە گەنگەشەی لە بارەوە بكرێت".
راژیار هەورامی




