تەندروستیی ھەولێر: ھەموو ئامادەکارییەک كراوه بۆ پێشوازیکردن لە بریندارانی رووداوەکەی کۆیە

ھەولێر-KDP.info- بەرێوبەری راگەیاندنی تەندروستیی ھەولێر دهڵێ، شهش برینداری رووداوەکەی کۆیە رەوانەی نەخۆشخانەکانی ھەولێر كراون و، ھەموو ئامادەکارییەکیش بۆ پێشوازیکردن لە برینداران کراوە.
کاوەی بەھرامی، گوتەبێژی ھێزەکانی پێشمەرگەی حەدەکا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سهعات١١ی پیشنێوەڕۆی ئەمڕۆ، ھێزەکانی ئێران بە ھەموو شێوەیەک دەستیان بە بۆردوومانی بنکە و بارەگاکان و کەمپی ئێمە کردووە، وزیانی زۆریان لە ئێمە داوە، بەڵام لەئێستادا بۆردوومانەکە راگیراوە.''
کاوە بەھرامی گوتیشی، مەترسیی ھەیە، کە جارێکی دیکە ھێزەکانی ئێران دەست بە بۆردوومانی ئێمە بکەنەوە، ''ئەوانە ھەموو سنوورێکیان بەزاندووە کە سنووری خاکی ھەرێمی کوردستان و عێراقیشە.''
بهگوێرهی زانیارییهكانی ماڵپهڕی فهرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لهو بۆردوومانهدا، مستهفا مهولوودی سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستان و خالید عهزیزی سكرتێری پێشووی حدك بههۆی مووشهكبارانی بارهگاكانی حدك و حدكا، لهنێو ئهو دهیان بریندارانهن كه بۆ چارهسهری رهوانهی نهخۆشخانهكان كراون.
لای خۆشیەوە، فاخر کرمانجی، بەرێوبەری راگەیاندنی تەندروستیی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''نەخۆشخانەکانی ئێمە بۆ پێشوازیکردن لە بریندرانی روداوەکەی کۆیە لە ئامادەباشیی تەواودان و ھەموو ئامادەکارییەک کراوە و شەش بریندار رەوانەی نەخۆشخانەکانی ئێمە کراون و ھەر بریندارێک رەوانە بکرێت پێشوازی لێ دەکەین.''
کرمانجی گوتیشی، ھەر بریندارێک لە کۆیە چارەسەری نەکرێت و دۆخی خراپ بێت، بۆ چارەسەرکردن رەوانەی نەخۆشخانەکانی ھەولێر دەکرێت و لێرهش پێشوازییان لێ دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




