بۆردوومانی ناوچەی سیدەكان بەردەوامە

سیدەكان-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەكان دەڵێ، جارێكی دیكە تۆپخانەكانی ئێران دەستیان كردووەتەوە بە تۆپبارانكردنی ژمارەیەك گوندی سەر بە سیدەكان و، بەو هۆیەوە شەش گوند لە بارودۆخێكی خراپدان.
ئیحسان چەلەبی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی رایگەیاند: " تۆپخانەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران لە بەیانیی ئەمڕۆ شەممەوە جارێكی دیكە بە بیانووی بوونی بنكەو بارەگاكانی حیزبی رۆژهەڵاتی كوردستان كە لە ئیستادا هیچ بنكە و بارەگایەكی ئاشكرایان نییە لەو سنوورە، دەستیان كردووە بە تۆپبارانكردنی كوێستانەكانی بەربەزین و بن پەرێزا و كەلەشین و كاتینە و دەرهۆل لە سنووری شارۆچكەی سیدەكان و، تا ئێستایش تۆپبارانكردنەكە بەردەوامە".
چەلەبی، گوتیشی: "تۆپبارانكردنەكە ماوەی دوو رۆژە واتا لە 6ـی مانگەوە تاوەكوو ئێستا بەردەوامی هەیە، هەرچەندە زیانی گیانی نییە، بەڵام بەداخەوە ڕەز و باخی هاووڵاتیان و ئەو پاوانانەی لە ڕابردوو نەسووتابوون، زیانیان پێ گەیشتووە، هەروەها شەش گوندیش كە دەكەونە سەر سنوور، دانیشتووانەكەی لە ڕەوشێكی سەخت و خراپ و مەترسیداردان، ئەو خەڵكەیشی كە سەرقاڵی كاری كشتوكاڵی بوون، ناوچەكەیان چۆڵ كردووە و بەرەو سەنتەری ناحیە و گوندەكانی تر گەڕاونەتەوە".
نەشوان بەرزنجی




