پێدانی قەرزی بچووك بە گەنجان دەست پێدەكاتەوە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی ڕایدەگەیێنێت، پێدانی قەرزی بچووك بە گەنجان دەست پێدەكاتەوە و دەشڵێ، بڕی قەرزەكە لە پێنج ملیۆنەوە بۆ پازدە ملیۆن دینارە.
پێشتر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان قەرزی بچووكی بەو گەنجانە دەدا، كە پڕۆژەیان پێشكش دەكرد و گەنجێكی زۆر لێی سوودمەند بوون، بەڵام بە ھۆی قەیرانی داراییەوە پێدانی قەرزەكە بە گەنجان راگیرا، ئێستایش كە دۆخی ئابووری باشتر بووە، حكوومەتی ھەرێم بەنیازە دووبارە پێدانی قەرزەكە بە گەنجان دەست پێبكاتەوە.
سەبارەت بە دەستپێكردنەوەی پێدانی قەرزی بچووك بە گەنجان، گوتەبێژی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ھەمزە مەغدید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "داوامان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كردووە، كە پێدانی قەرزی بچووك بە گەنجان دەست پێبكاتەوە و حكوومەتیش لاریی نییە، لە ئێستایشدا لەسەر وردەكاریی پڕۆژەكە گفتوگۆ دەكەین و لە ماویەكی كەمدا لەسەری دەگەینە رێككەوتن و پێدانی قەرزەكە بە گەنجان جارێكی دیكە دەست پێدەكاتەوە، چونكە پێشتر گەنجێكی زۆر سوودیان لێ بینوە و دەمانەوێت بەردەوام بێت".
مەغدید گوتیشی: "ئەمجارە دەمانەوێت شێوازی پێدانی قەرزەكە گۆڕانكاری تێدا بكرێت، ئەویش ئەوەیە كە لە رێگە كردنەوەی خولی فێربوونی پیشەوە بێت و، ھەركاتێك گەنجان فێری پێشەكە ببەن، دواتر قەرزەكەیان پێ بدرێت، كە قەرزەكەیش بەپێی پڕۆژە دەگۆڕێت و لە ٥ملیۆنەوە بۆ ١٥ملیۆن دینار دەست پێدەكات".
بڵند ئیبراھیم




