به هۆی باجه‌وه هاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ کوردستان كه‌می كردووه

ھەولێر-KDP.info- بەھای تمەنی ئێرانی ڕۆژ بە ڕۆژ دادەبەزێ و ئەو بارودۆخە ئابووریەی ئێران، ھاووڵاتیانی ناچار کردووە کە باجێکی زۆر بدەنە حکوومەت، بەڕێوەبەرى گومرگى حاجى ئۆمەرانیش ده‌ڵێ، کەمیی ھاتنی گەشتیاران لە ئێرانەوە بۆ کوردستان بۆ زۆریی باج دەگەڕێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەوە، ڕێژەی چوونی گەشتیاران بۆ ڕۆژھەڵات بە ڕێژەیەکی زۆر زیادی کردووە.
بە ھۆی دابەزینی بەھای تمەن بەرامبەر بە دۆلار و دینار، ڕێژەی چوونی گەشتیاری ھەرێمی کوردستان بۆ ئێران ٩٠% زیادی کردووە و بە پێی ئامارەکان ڕۆژانە گەشتیارێکی زۆر لە باشووری کوردستانەوە دەچنە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵام لە بەرامبەردا ڕێژەی ھاتن لە ئێران و ڕۆژھەڵاتەوە بۆ باشووری کوردستان بە ھۆی ئەو باجەی لە لایەن حکوومەتی ئێرانەوە لەسەر ھاووڵاتییانی خۆی دایناوە زۆر کەمی کردووە.
بۆ ئه‌م پرسە مەسعوود باتێلى، بەڕێوەبەرى گشتیی گومرگى حاجى ئۆمەران، بە ماڵپەڕى فەرمیى پارتى دیموکراتى کوردستانى ڕاگەیاند: "بە هۆى دابەزینى بەهاى تمەنی ئێرانەوە هاتنی گه‌شتیاران ڕووی له كه‌می كردووه، ئه‌مه‌ش بۆ زۆریی باج ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له هاووڵاتیانی ئێرانی وه‌رده‌گرن، كه بۆ هه‌ر هاووڵاتیه‌ك بڕی ٢٢٠ هه‌زار تمه‌نی لێ وه‌رده‌گرن، ئه‌گه‌ر بۆ جاری دوووه‌م سه‌فه‌ر بكات بۆ هه‌ر وڵاتێكی تر بڕی ٣٣٠ هه‌زاری لێ وه‌رده‌گرن و، به‌م شێوه‌یه بۆ هه‌ر سهفهریك بڕی پاره‌كه زیاتر ده‌بێت، ئه‌مه‌ش بارگرانییه‌كی زۆره بۆ ئه‌و هاووڵاتیانەی كه دێنه كوردستان".
سه‌باره‌ت به ڕێژه‌ی چوونی گه‌شتیاریش بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، باتێلی گوتی: "ڕێژه‌یه‌كی زۆر گه‌شتیار ڕوو له ئێران ده‌كه‌ن ئه‌مه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ دابه‌زینی به‌های تمه‌ن، هه‌روه‌ها زیاتر هاووڵاتیانی كوردستان بۆ گه‌شت و چاره‌سه‌كردنی نه‌خۆشی ڕوو له‌وێ ده‌كه‌ن، هه‌ر هاووڵاتییه‌كیش ڕوو له كوردستان بكات بڕی ٢٥ هه‌زار دیناری عێراقی لێ وه‌رده‌گیرێت".
نزمیی بەھای تمەن بووەتە ھۆکاری ئەوەی ڕۆژانە لە ھەرسێ دەروازە فەرمییەکانی حاجی ئۆمەران، باشماخ و پەروێزخانەوە ژمارەیەکی زۆر لە باشووری کوردستانەوە گەشت بۆ ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێران بکەن، لە بەرامبەریشدا ھاتنی گەشتیاران لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن، گەشتیارانیش دەڵێن بە سەد دۆلار زۆربەی ئێران دەگەڕێن.
ئەمین جەلال، کە ھاووڵاتییەکی دانیشتووی سەردەشتی ڕۆژھەڵاتی کوردستانە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "باجی ئێران ٢٢٠ ھەزار تمەنمان لێ وەردەگرن، لێرەش ٢٥ ھەزار دینارمان لێ وەردەگرن، تمەنیش کە ڕۆژ دوای ڕۆژ دادەبەزێ، ئەوانە ھۆکارن کە خەڵکی ئێمە نەتوانێت زیاتر گەشت بکات".
ئەو ھاووڵاتییە گوتیشی: "نزیکەی ١٠٠ تەکسی و ٣٠ ئۆتۆبووس لەو سنوورە گەشتیار دەگوازنەوە، زیاتر ئەو گەشتیارانەن کە سەردانی ئێران دەکەن، یان دەگەڕێنەوە باشووری کوردستان، ئەو باجەى لێشمان وەردەگرن ڕێژەکەى زۆرە و خەڵکى زۆر نیگەران کردووە".
هەڵکەوت محەممەد




