كۆمسیۆن: ھەمووان رەزامەندییان داوە و ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا دهكرێت

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی لقی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان گوتی، ھەموو ئامادەكارییەك كراوە و ھەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بەڕێوە دەچێت. دەشڵێ، لە كاتی ئامادەكردنی تۆماری دەنگدەراندا، لایەنە سیاسییەكانیش بەشدار بوونە و بە تەواوی پاك كراوەتەوە.
بڕیارە لە ٣٠ی ئەم مانگەدا ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوە بچێت و ھەندێك لایەنیش داوا دەكەن دوا بخرێت، زۆر جاریش بیانوو دەگرن بەوەی كە تۆماری دەنگدەران وەك پێویست پاك نەكراوەتەوە، بەڵام كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان تۆمارێكی نوێی ئامادە كردووە و ناوی ٢٥٠ هەزار كەسی لێ فرێداوەتە دەرەوە و دەنگۆی ئەوەش بڵاو كراوەتەوە كە بڕیارە حكوومەت و كۆمسیۆن لەبارەی وادەی ھەڵبژاردنەوە كۆ ببنەوە.
سەبارەت بەم پرسە، بەرپرسی لقی ھەولێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان، ئارام نەجمەددین، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ھیچ باسێك نییە حكوومەت و كۆمسیۆن لەبارەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانەوە كۆ ببنەوە و، ھەڵبژاردنیش لە وادی خۆیدا بەڕێوە دەچێت، چونكە كۆمسیۆن ھەموو ئامادەكارییەكی كردووە و ھیچ رێگرییەك نییە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكە".
لەبارەی تۆماری دەنگدەرانەوە كە زۆر جار دەكرێتە بیانوو بۆ دواخستنی ھەڵبژاردن، نەجمەددین گوتی: "تۆماری دەنگدەران كە ئامادە كراوە، بە ئامادەبوونی بە لایەنی كەمەوە پێنج لایەنی سیاسی ئامادە كراوە و ھەمووانیش رەزامەندیان لەسەر تۆمارەكە داوە، تۆمارەكەیش بە جۆرێك ئامادە كراوە كە لە مێژووی عێراق و ھەرێمی كوردستاندا تۆماری وا پاك نەبووە".
دەشڵێ: "ئەو لایەنەی باس لەوە دەكات كە ناوی مردوو لە تۆمارەكەدا ھەیە، با بەڵگەمان بۆ بێنێت، بەڵام دڵنیاین ھیچ بەڵگەی نییە و ئێمەیش لەخۆمانەوە ناتوانین ناوی ھیچ كەسێك لە تۆمارەكە دەربێنین كە بەڵگە نەبێت كەسەكە مردووە".
بڵند ئیبراھیم




